بەغدا... داخستنی دەیان پڕۆژە بەهۆی سەرپێچیکردنی مەرجەکانی سەلامەتی
ئەمڕۆ هەینی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ،داخستنی دەیان پڕۆژەی بە هۆی سەرپێچیکردنی مەرجەکانی سەلامەتی پشتڕاستکردەوە. وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە پڕۆژە ناپابەندەکان دەستبەجێ دادەخرێن، جەختی لەوە کردەوە کە هەڵمەتەکەی بەردەوامە و سەرپێچیکاران ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، عەمید عەباس مەفرەجی، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ڕاگەیاند: "هەڵمەتی تایبەتی ئەمنی بۆ چاودێریکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و خۆپاراستن بەردەوامە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان هاتووە، هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و لە خەمی ژیانی هاووڵاتیان و موڵکی گشتی و تایبەت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان، لەڕێگەی پێکهاتە ئەمنییەکانی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، و بە پاڵپشتی و هەماهەنگییەکی بەرز لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی لە شارەوانی بەغدا و پارێزگای بەغدا، و ناوەندەکانی بەرگری شارستانی لە هەردوو دیوی کەرخ و رەسافە، هەڵمەتێکی گەورەی دەستپێکردووە بۆ پشکنین و وردبینیکردنی پڕۆژە بازرگانییەکان، دوکان، مۆڵ، چێشتخانە، شوێنە گشتیەکان، و بەنزینخانەکان، سەبارەت بە سەلامەتی، و ڕێوشوێنی خۆپاراستن".
ڕوونیشی کردەوە "هەڵمەتەکە بە هەوڵێکی ناوازە و بە سەرپەرشتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و سەرجەم فەرماندەکان جێبەجێ دەکرێت. لە ئەنجامدا دەیان پڕۆژە داخران، لەوانە بینا و دوکان و کۆگاکان و فرۆشگاکان. هەروەها هۆشداری بۆ ژمارەیەک پڕۆژە دەرچووە کە نەیانتوانیوە ڕێوشوێنی سەلامەتی جێبەجێ بکەن، هەڵمەتەکە بە هەوڵێکی زۆر و هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پڕۆژانەی کە ڕێوشوێنی سەلامەتییان تێدا نییە دەستبەجێ دادەخرێن، لەکاتێکدا ئەوانەی کەموکوڕی بچووکیان تێدایە لە مەرجەکانی خۆپارێزیدا ئاگادار دەکرێنەوە کە تەنها لە ماوەی تەنها 48 کاتژمێردا مەرجەکانی سەلامەتی تەواو بکەن، پابەندنەبوون دوای وادەی دیاریکراو دەبێتە هۆی داخستنی دەستبەجێ".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەرکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا پشتیوانی و هاوکارییە بۆ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، وەک شارەوانی بەغدا و پارێزگای بەغدا و بەرگری شارستانی"، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو دەزگایانە ڕێوشوێنی ڕاستەوخۆ بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر، لەوانەش ڕەوانەکردنی ئەو کەسانەی پابەند نین بۆ دەسەڵاتی دادوەری.
مەفەرجی ڕوونی کردەوە کە گرنگترین مەرجەکانی سەلامەتی بریتین لە پشکنینی ئەگەری بەکارهێنانی ساندویچ پانێڵ، لە باڵەخانەکاندا، و بوونی دەرچەی فریاگوزاری و ئامێری خێرا کوژاندنەوەی ئاگر.
