عێراق بەفەرمی بووە ئەندام لە کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
دەستەی دەستپاکیی عێراق بە ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ـی تەمموزی ٢٠٢٥، دەستەی دەستپاکی عێراق دەڵێت، بە نوێنەرایەتیی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، دوای واژۆکردنی داواکاریی ئەندامبوون و ناردنی بۆ کۆمەڵەکە، کۆماری عێراق بووە ئەندامی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
ئاماژە بەوەکراوە، کۆمەڵەکە پێشوازیی لە ئەندامبوونی عێراق کردووە و داوای کردووە، کۆبوونەوەیەکی ئۆنڵاین لەگەڵ ئەمینداری گشتیی کۆمەڵەکە بکرێت، بۆ تاوتوێکردنی پێویستی و پێشنیازەکانی دەستەی دەستپاکی عێراق.
کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لە ساڵی ٢٠٠٦ دامەزراوە و تایبەتە بە یارمەتیدانی ئاژانس و دەستەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە سەرانسەری جیهان، بۆ چەسپاندنی دەستپاکی و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، کۆمەڵەکە لە ١٨٠ ئەندام پێکدێت، کە ١٦ـیان وڵاتی عەرەبین.
