پەرلەمانتارێک: بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان تەنها بانگەشەی هەڵبژاردنە و حکومەت دەسەڵاتی یاسایی نییە
حەیدەر موتێری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست تەنها بە "پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن" وەسف کرد و ڕوونیشیکردەوە، حکومەتی فیدراڵی ئێستا کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران سەرۆکایەتی دەکات، دەسەڵاتی ئەوەی نییە ئەو کارە بکات.
موتێری لە بەیاننامەیەکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاندووە، "دەبوو حکومەت خشتەی بودجەی ساڵی 2025ی پێشکەش بکردایە، کە ماوەی حەوت مانگ دواکەوتووە، لەبری ئەوەی ئەو بەڵێنانە بەرەوپێش ببات کە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی نییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "قسەکردن لەسەر بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان و بەستنەوەیان بە بودجەی 2026 جگە لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن هیچی تر نییە" وتیشی، حکومەتی ئێستا مافی دەستوری نییە بودجەی ساڵی داهاتوو ئامادەبکات.
پێشتر، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، پەرلەمانتار مورتەزا ساعیدی سەرۆکی هاوپەیمانی "پشتیوانی لە دەوڵەت"، ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیران ڕێنوێنی داوە بەبێ جیاوازی گرێبەستەکانی سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا بکرێن بەهەمیشەیی.
