دەستگیرکردنی تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانی راگەیاند و هاوکات دەست بەسەر بڕێکی زۆری ماددەی هۆشبەریشدا گیرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای چاودێرییەکی ورد، لە پارێزگای بەسڕە، دوو تۆمەتباری بیانییان دەستگیرکردووە و دەستیشیان بەسەر ١٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەری جۆری ماریوانادا گرت، کە هەوڵیاندەدا بە قاچاخ لەرێگەی ئاوەوە بیهێننە ناو عێراق.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە درێژەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا ١١ تۆمەتباری دیکە دەستگیرکران لەگەڵ بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تۆمەتبارێکیان لەسەنتەری پارێزگای بەسڕە دەستگیرکردووە، کە هەشت هەزار حەبی ترامادۆڵ و ١٣٥ کەپسولی ماددەی هۆشبەری پێبووە و هەروەها تۆمەتبارێکی دیکەش لەکاتی هەوڵدان بۆ کڕینی بڕێک ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە، جگە لە تۆمەتباری سێیەم کە هاوڵاتییەکی بیانییە و وەک نێوەندگیر بۆ تۆڕەکە کاری کردووە و پارەی گەیاندووەتە بازرگانانی بیانی لە وڵاتێکی دراوسێ.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختیشی کردەوە، بەهۆی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سێ بازرگانی ناوخۆیی هەموو تۆمەتبارەکانی دیکە دەستگیرکراون.
