ڕەشید بۆ لاریجانی: بەردەوامین لەسەر سیاسەتی کراوەیی و دروستکردنی هاوبەشی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکانمان
د.لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆشکی بەغدا، پێشوازیکرد لەدکتۆر عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، و وەفدی هاوڕێی.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،لە دیدارێکدا، کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی قاسم ئەعرەجی و بریکاری وەزارەتی دەرەوە محەمەد حوسێن بەحرلعلوم ئامادەی بوون، لاریجانی سڵاوی سەرۆکی ئێران مەسعوود پزیشکیانی بە سەرۆک کۆمار گەیاند. هەروەها رەشید سڵاوی خۆی بۆ سەرۆک پزیشکیان و گەلی ئێران نارد و هیوای پێشکەوتن و گەشەسەندنی بەردەوامی بۆ خواستن ،جەختیشی لە قووڵایی پەیوەندییە مێژووییەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە، هەروەها پەرۆشیی عێراقی بۆ پەرەپێدانی چوارچێوەی هاریکاریی دووقۆڵی دووپاتکردەوە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە هەردوو گەلی دراوسێ بکات و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بچەسپێنێت.
سەرۆک کۆمار ئەوەشی خستەڕوو کە عێراق بەردەوامە لەسەر پتەوکردنی سیاسەتی کرانەوەی ئەرێنی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ و بنیاتنانی هاوبەشیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزی یەکتری، بەجۆرێک کە هاریکاریی ئابووری و ئەمنی بەهێز بکات و بەشداری بکات لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە.
لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە کرا و جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگی بنیاتنەرانە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و کارکردن بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ڕێزگرتنی یەکتری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر کرایەوە.
لای خۆیەوە، دکتۆر لاریجانی سڵاوی سەرکردایەتیی ئێرانی بە سەرۆک کۆمار گەیاند و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەڵوێستەکانی عێراق دەربڕی کە پشتگیری لە بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی دەکەن، هەروەها ستایشی ڕۆڵی گرنگی عێراقی کرد لە لێک نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنە جیاوازەکاندا.
هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی گەلی عێراق کرد بۆ پێشوازی و میوانداریکردنی زیارەتکارانی ئێرانی لەکاتی بەجێهێنانی ڕێوڕەسمی زیارەتی چلەی شەهیداندا.
