ئەعرەجی و لاریجانی هاریکاری ئەمنی دووپاتدەکەنەوە وستایشی ڕۆڵی عێراق لە سەقامگیری ناوچەکەدا دەکەن
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕۆژی دووشەممە 11ـی ئابی 2025 لە بەغدا جەختی کردەوە لەوەی، حکوومەتی عێراق ڕێگری لە هەر پێشێلکارییەک دەکات کە ئامانجی دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ هەبێت.
بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کەدەستی موتەڵع کەوتووە، ئەعرەجی پێشوازی لە لاریجانی و شاندی یاوەری کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان کراوە.
لاریجانی لەلایەن خۆیەوە، ستایشی "ڕۆڵی گەورەی گەلی عێراقی کرد لە خزمەتکردنی زیارەتکارانی ئیمام حوسێن و گەلی عێراقی بە "ئازا و بەخشندە" وەسفکرد.
هەر لەم دیدارەدا، باس لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات کرا لەگەڵ دۆخی ئەمنی ناوچەکە و "تاوانەکانی برسیکردن و کوشتنی گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە" ، هەردوولا جەختیان لەسەر "گرنگی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ئەم تاوانانە" کردەوە.
ئەعرەجی دووپاتیکردەوە کە "حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی جدی کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی کە ئامانجی دەستدرێژیکردن بێت بۆ سەر هەر یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ، لاریجانیش ستایشی سیاسەتی دەرەوەی حکوومەتی عێراقی کرد، کە بە وتەی ئەو بووەتە هۆی ئاسایش و سەقامگیری بۆ عێراق و ناوچەکە.
