یانەی ئەمانەت بەغدا ئەستێرەی جەزائیری سۆفیان فێغولی بەهاندەرانی دەناسێنێت
ئەمڕۆ دووشەممە یانەی ئەمانەت بەغدا، یاریزانە جەزائیرییەکەی سۆفیان فێغولی ناساند بەهاندەرانی خۆی.
ل بەیاننامەیەکی یانەی ئەمانەت بەغدادا هاتووە، "یانەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا بۆ ناساندنی سۆفیان فێغولی ئەستێرەی جەزائیری لە هۆڵی کۆنفڕانسەکانی یاریگای سەرەکی، بە ئامادەبوونی سەرۆکی یانەکە فەلاح مەسعوودی و کۆمەڵێک نوێنەری میدیای ناوخۆیی و عەرەبی".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "سەرۆکی یانەکە بەخێرهاتنی نوێنەرانی ڕاگەیاندنەکانی کرد کە ئامادەبوون، جەختی لەوە کردەوە کە هاوبەشێکی سەرەکین لە سەرجەم سەرکەوتنەکانی یانەکەدا، هەروەها پێشوازی لە زیادکردنی یاریزان سۆفیان فیغولی بۆ تیپەکە کرد، ستایشی "کاری پیشەگەری و ئەزموونی بەرفراوانی"ی کرد، هەروەها دووپاتی کردەوە کە "دەبێتە زیادکردنێکی بەهێز بۆ تیپەکە بەتایبەتی و بۆ خولی عێراق بەگشتی".
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "لەلای خۆیەوە فیغولی دڵخۆشییەکی زۆری خۆی دەربڕی بە پەیوەندیکردن بە یانەی ئەمانەت بەغدا و دەستپێکردنی ئەزموونێکی پیشەگەری نوێ لە خولی عێراقدا"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "بە ئیرادەیەکی زۆرەوە هات بۆ ئەوەی باشترینی خۆی بدات و بەشداری بکات لە گەیشتن بە خواستەکانی تیپەکە".
فێغولی ڕوونیشیکردەوە، "لەم دواییانەدا بەدواداچوون بۆ ژمارەیەک یاریی خولی عێراقی کردبوو، دوای ئەوەی ئارەزووی دەستپێکردنی ئەزموونێکی پیشەگەرانەی لە عێراقدا پەرەپێدا، ئاماژەی بەوەشکرد کە بە تەواوی ئاگاداری وردەکارییەکانی پەیوەست بە تۆپی پێی عێراقە".
فێغولی ستایشی "جوانی بەغدای پایتەخت و ئەو گەرمی و پێشوازییەی کرد کە ئەزموونی کرد"، "گەلی عێراقی بە ڕێزدار و میواندۆست" وەسف کرد و سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی، هەووەها دەڵێت: زۆر دڵخۆشم بەم ئەزموونە و ئەم تەحەدایە نوێیە لە ژیانی وەرزشیمدا.
فێغولی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ خزمەتکردنی یانەی ئەمانەت بەغدا و بەدیهێنانی خواستەکانی هاندەرانی، لەنێو کەشێکی گەشبینی و جۆش و خرۆش بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێ.
