سودانی فەرمانی تەواوکردنی ڕێکارەکانی قۆناغی یەکەمی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان دەدات
ئەمڕۆ دووشەممە, سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیجی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەتی نۆژەنکردنەوەی هێڵی ئاسنینی فاو - فیشخابوری کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە, سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیجی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەتی نۆژەنکردنەوەی هێڵی ئاسنی فاو - فیشخابوری کرد، و تێیدا وەزیری پلاندانان و ژمارەیەک ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەبوون".
لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە "بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی ئەوانە کرا، کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا پەسەند کرابوون، سەبارەت بە قۆناغەکانی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و هەنگاوەکانی دواتر کە پێویستن بۆ تەواوکردنی".
بەگوێرەی بەیاننامەکە سەرۆک وەزیران جەختی لە "گرنگی پڕۆژەکە بۆ عێراق و ناوچەکە کردەوە لە ژێر ڕۆشنایی دۆخی پەرەسەندنی، کە تیشکی خستۆتە سەر بەهای ئەم پڕۆژەیە وەک یەکێک لە باشترین ڕێڕەوەکانی جیهان"، و جەختی کردەوە کە "زۆرێک لە وڵاتان لە دەرەوەی ناوچەکە خواستی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لە تەواوکردنی ڕێگاکە، ئەمەش بەهای پڕۆژەکە و توانای ئابووری و گەشەپێدانی دوو هێندە زیاد کردووە".
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە "سەرجەم نەخشەی ڕێگاکان کرا، بە هێڵی ئاسنی عێراقیشەوە، بۆ دەستەبەرکردنی جوڵەی ئاسانی و باس لە میکانیزمی دارایی بۆ یەکەم بەشی شەمەندەفەری ڕێگاکە لە بودجەی ساڵی داهاتوودا کرا، جگە لە تاوتوێ کردنی پرسی خاڵە گرنگەکانی پەیوەندیکردن بۆ ڕێگای گەشەپێدان و بەرێزیان وەزارەتی گواستنەوەی ڕاسپارد بۆ تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی ئاسنی عێراق و جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە ماوەی داهاتوودا".
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا "هەڵوێستی پارێزگارانی بانکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دارایی کردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە و مۆدێرنکردنی هێڵی ئاسنینی بەرز نرخاند".
