شاسوار عوبدولواحید لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە لە سلێمانی دەستگیرکرا
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی بزووتنەوەی نەوەی نوێ لە هەرێمی کوردستان و لە ماڵەکەی خۆیەوە لە سلێمانی دەستگیریان کرد، دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.
ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی (موتەڵع) چاودێری کردووە رایگەیاند: "فەرمانی دەستگیرکردنەکە لەسەر بنەمای سکاڵای پەیوەست بە قەرزەکانی سەر حکومەت و هاووڵاتیان دەرچووە، ئەمە جگە لە نەدانی باج، هەروەها سکاڵای ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکارانە".
شاسوار عەبدولواحید سیاسەتمەدار و بازرگان و خاوەنی تۆڕی میدیایی ئێن ئاڕ تییە، بزووتنەوەی نەوەی نوێی دامەزراند کە وەک یەکێک لە دەنگە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا عەبدولواحید ڕووبەڕووی چەندین لێپێچینەوەی یاسایی و دەستگیرکردن بۆتەوە بە تۆمەتی دارایی و پەیوەندیدار بە بیروڕا.
لایەنگرانی ئەو کارانە دەبەستنەوە بە پاڵنەرە سیاسییەکان و ململانێیەک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان بزووتنەوەکەی و هێزە تەقلیدییەکانی کوردستان.
