وەزارەتی داد دەنگۆی مانگرتن لە زیندانی سەماوە ڕەتدەکاتەوە و وردەکارییەکانی ڕووداوەکە دەخاتەڕوو
وەزارەتی دادی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە لە سۆشیال میدیادا سەبارەت بە "مانگرتنی گشتی" و پشێوی لەناو زیندانی ناوەندیی سەماوە (خەناق) بەبیانووی مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانییەکان بڵاوکرایەوە.
ئەحمەد لعێبی وتەبێژی وەزارەتەکە لە لێدوانێک بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند "ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەتەوە نادروستن. ڕاستییەکە ئەوەیە کە بابەتەکە سنووردار بووە بە ڕووداوێک کە تەنها دوو زیندانی تێیدا بەشداربوون". ڕوونیشیکردەوە، "ئیدارەی زیندان دەستیان بەسەر کەلوپەلی قەدەغەکراودا گرتووە، لەنێویاندا شەحنی مۆبایل، ئەمەش وایکردووە ئەو دوو زیندانییە زیان بەخۆیان بگەیەنن و خۆیان لە خواردنی نانی بەیانی بەدوور بگرن".
لعێبی وتیشی، "ئیدارەی زیندانەکە بانگهێشتی ئەو دوو زیندانییەی کردووە، وە دۆخەکە بە تەواوی چارەسەر بووە، لە ئێستادا هیچ ئاژاوە و ڕووداوێک لەناو زیندانەکەدا نییە".
