سودانی: حكومەت پابەنده بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ گوندەكانی شەبەك
ئەمڕۆ شەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، جەختیکردەوە حكومەت پابەندە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ گوندەكانی شەبەك و ناوچەكانی دەشتی نەینەوا لە ڕێگەی خزمەتگوزاریی حكومەت و هەوڵە ئەندازیارییەكانەوە، هەروەها كاركردن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی گەشەپێدان لەبەر ڕۆشنایی دۆخی سەقامگیری ئەوێ.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە شاندێكی پێكهاتەی شەبەك لە پارێزگای نەینەوا كرد.
لەبەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە : سودانی بەخێرهاتنی ئەندامانی شاندەكەی كرد، پێزانینی زۆری خۆی بۆ قوربانیدانی گەورەی پێكهاتەی شەبەك و پێكهاتەكانی دیكەی دەشتی نەینەوا دەربڕی، هەروەها دەستخۆشی لە هەڵوێستی شەرەفمەندانەی پێكهاتەی شەبەك لە دوای ساڵی 2003 كرد لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و بەرگریكردن لە دەستور و یاسا، بە هاوكاری لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی دەشتی نەینەوا.
بەگوێرەی بەیاننامەكە سودانی ئاماژەی بە ئەو پەراوێزخستن و وەدەرنانی ناوچەی دەشتی نەینەوا لە لایەن ڕژێمی دیكتاتۆرەوە تووشی بووە، جگە لەو وێرانكارییەی كە بە دەستی چەتە تیرۆریستییەكانی داعش تووشی بووە و جەختیشی كردەوە پابەندبوونی حكومەت بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر لە گوندەكانی شەبەك و ناوچەكانی دەشتی نەینەوا لە ڕێگەی هەوڵە خزمەتگوزاریی و ئەندازیارییەكانی حكومەتەوە، هەروەها كاركردن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی گەشەپێدان لەبەر ڕۆشنایی دۆخی سەقامگیری ئەوێ، ئاماژەی بە دەستكەوتەكانی حكومەت كرد لە كەرتە جیاجیاكان لە ماوەی دوو ساڵ و نیوەكەیدا، لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە : ئەندامانی شاندەكە لەلای خۆیانەوە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیران دەربڕی و ڕوونكردنەوەیەكی وردیان لەبارەی واقیعی دەشتی نەینەوا و گوندی (65) گوندی شەبەك و ئەو پێشێلكارییانەی كە لەلایەن داعشی تیرۆریستییەوە تووشی بوون، ستایشی سەقامگیری ئەمنییان كرد لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، كە بەشداربووە لە گەڕانەوەی ژیان بۆ ناوچەكە و گەشەسەندنی لە بازاڕی كار، بیناسازی و ئاوەدانكردنەوە.
