میدیا جیهانیەکان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پوتن بڵاودەکەنەوە
ئەمڕۆ شەممە، میدیا جیهانییەکان کۆبوونەوەی لووتکەی سەرۆکی رووسیا و سەرۆکی ئەمریکا لە ئالاسکا، بە سەرکەوتوو ناوبرد و سەرۆکی رووسیاش وتی، لەگەڵ ترەمپ هاوڕام لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئۆکرانیا، بەڵام لەگەڵ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان ئەوە دەکرێت.
میدیا جیهانییەکان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان بڵاوکردەوە دۆناڵد ترمپ وتی،" بە پێوەری لە یەكەوە بۆ دە، دە لە دە بە كۆبونەوەكەم دەدەم".
وتیشی، " لەگەڵ پوتن دانوستانم کرد لەسەر چەند پرسێک لەوانە، ناتۆ، رێوشوێنە ئەمنییەکان و خاک، پێموایە ئێمە زۆر لە رێککەوتن نزیک بووینەتەوە، هەروەها ئامۆژگاری ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی هاوتا ئۆکراینییەکەی کرد، کە رێککەوتن بكات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا .
باسی لەوەشکرد، ئەمڕۆ بەرەوپێشچوونی گەورەیان بەدەستهێنا و لە ماوەیەکی نزیکدا پەیوەندی بە ناتۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ترەوە دەکات، هەروەها ئەمریکا دەیەوێت، ناکۆکیەکانی لەگەڵ روسیا تێپەڕێنێت و نزیکن لە چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، " ئۆکرانیا رەنگە رازی نەبێت، بەڵام پێویستە رازی بێت، ئامۆژگاری من بۆ زيلينسکی ئەوەیە رێککەوتن ئەنجام بدات".
هەروەها، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا لەبارەی کۆبوونەوەکە وتی، "گفتوگۆکانمان بونیادنەر بون، سوپاسی ترەمپ دەکەم لە بەرامبەر پێشنیازکردنی گفتوگۆکان، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی پڕ لە رێز لەیەکگرتندا بەڕێوەچوو؛ سەرۆکی ئەمریکا بەڕاستی ئارەزووی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئۆکراینا دەکات."
وتیشی، "لەگەڵ ترەمپ هاوڕام لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئۆکرانیا، بەڵام لەگەڵ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان".
