سەرۆک رەشید پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، لە کۆشکی بەغدا، پێشوازیکرد لە محەمەد حەسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە : "ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، لە کۆشکی بەغدا، پێشوازیکرد لە محەمەد حەسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق".
بەگوێرەی بەیاننامەکە ، لە میانی دیدارێکدا "گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی گۆڕەپانی ناوخۆیی و ڕۆڵی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا لە پشتیوانیکردنی سەقامگیریی عێراق و پەرەپێدانی ڕێڕەوەکانی گەشەپێدان، سەرەڕای تاوتوێکردنی ڕێگاکانی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە".
هەروەها، لە دیدارەکەدا باس لە "پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەیی کرا، کە تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لە هەوڵە بەردەوامەکانی عێراق کردەوە بۆ پتەوکردنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا، و گرنگیی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەدا دووپات کردەوە".
لای خۆیەوە، حەسان "پابەندبوونی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ پشتیوانیکردن و پاڵپشتیکردنی عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا نوێ کردەوە". هەروەها "پەرۆشیی ڕێکخراوەکەیانی بۆ بەردەوامبوونی هاوکاری لەگەڵ عێراق دەربڕی بۆ ئاسانکاری لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدان و پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان پتەوکردنی سەقامگیری و گەشەکردنە".
