واشنتۆن هێزەکانی لە بنکەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە بۆ هەولێر و وڵاتێکی دراوسێ
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی لەناکاو بڕیاری داوە هەمو هێزەکانی لە دو بنکەی سەربازی لە عێراق بکشێنێتەوە و بەرپرسانی عێراقی ئاگاداركردوەتەوە كە پابەندی ئەو خشتەیە نابن كە پێشتر ڕێككەوتنی لەسەركراوە.
كەناڵی سکای نیوز عەرەبیی، ئەمڕۆ یەكشەممە لە زاری سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکانیەوە بڵاویكردەوە، واشنتن بە شێوەیەکی لەناکاو بڕیاری داوە هەمو سەربازەکانی لە بنکەکانی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا لە عێراق بکشێنێتەوە.
ئاماژەیان بەوەشكرد، هێزە ئەمریکییەکان دەستیانکردوە بە گواستنەوەی ئەندامەکانیان بۆ هەولێر و وڵاتێکی عەرەبی دراوسێ. هەروەها ئەمریکییەکان هاوتا عێراقییەکانیان ئاگادار کردوەتەوە کە پرۆسەی کشانەوەکە خێراتر دەکەن و پابەندی ئەو خشتە کاتییە نابن کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردو وڵاتدا دانراوە.
ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختی لەوەکردبوەوە کە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق یەکێکە لە دەستکەوتەکانی حکومەت و ئاماژەیە بۆ توانای عێراق لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی لە زاری نوعمانەوە بڵاویکردەوە، "کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لە عێراق، یەکێکە لە دەستکەوتەکانی حکومەت و نیشانەیەکە بۆ توانای عێراق لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بەبێ پێویستی بە یارمەتیی لایەنی دیكە".
