جددە میوانداری دانوستانەکانی عێراق و تورکیا دەکات سەبارەت بە نەوت و ئاو
ئەمڕۆ دووشەممە، فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی کۆماری تورکیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کە لە شاری جددەی شانشینی سعودیە بەڕێوەدەچێت کۆبووەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوە کەدەستی موتەڵع کەوتووە "لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا کردووە، جگە لە پرسە هاوبەشەکان بەتایبەتی نەوت و ئاو و بۆری نەوت. هەروەها باس لەدۆسییەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کاردانەوەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کراوە".
لە میانی دیدارەکەدا وەزیری دەرەوی تورکیا جەختی لە "هاوسەنگی کارەکانی بازرگانانی تورکیا لە عێراق و بەشداریکردنیان لە پڕۆژەکانی گەشەپێدان" کردەوە، خواستی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی هاوکاری ئابووری و وەبەرهێنان دەربڕی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوو وەزیر هەروەها گفتوگۆیان لەسەر لێکتێگەیشتنی دوولایەنە کردووە لەسەر پرسی ئاو، جەختیان لەسەر گرنگی ڕێکخستنی دەردانی ئاو کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی هاوبەش و پاراستنی ئاسایشی ئاو بۆ هەردوو وڵات.
