سەرۆک کۆمار جەخت لە هاوپشتی و پشتیوانی عێراق بۆ گەلی فەلەستین دەکاتەوە
سەرۆک کۆمار لەمیانی پێشوازیکردنی لە وەفدی فەلەستینی بەشداربووی کۆنفرانسی هاوپەیمانی سۆسیال دیموکراتی لە جیهانی عەرەبیدا جەختی لە هاوپشتی و پشتیوانی عێراق بۆ گەلی فەلەستین کردەوە.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥، پێشوازیکرد لە وەفدێکی فەلەستینی بە سەرۆکایەتی محەمەد ئەشتیە سەرۆک وەزیرانی پێشوو ، ئەوەش لە پەراوێزی کۆنگرەی هاوپەیمانی سۆسیال دیموکراتی لە جیهانی عەرەبیدا کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
وتیشی لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد، و لە دیدارێکدا بارودۆخی دڵتەزێن و کارەساتباری گەلی فەلەستین لە کەرتی غەزە و لە فەلەستین بە گشتی تاوتوێ کرا.
سەرۆک کۆمار جەختی لە هاوپشتی و پشتیوانی عێراق، حکومەت و گەل، بۆ گەلی فەلەستین کردەوە، و پێویستی یەکخستنی هەوڵە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان و گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی بەرامبەر بە دەستدرێژی و سیاسەتی کوشتن و برسی کردن دژی هاوڵاتیانی سڤیل و ژنان و منداڵان و پیر و پیاوان دووپاتکردەوە، هەروەها کاریش لەسەر گەیاندنی یارمەتییە مرۆیی و پزیشکی و خۆراکییەکان بە هاوڵاتیان بکات بە شێوەیەک کە پێداویستییەکانیان دابین بکات.
لای خۆیەوە، محەمەد ئەشتیە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و ستایشی هەوڵەکانی و هەڵوێستی عێراقی کرد لە پشتیوانیکردنی فەلەستین و مافە ڕەواکانی گەلەکەی.
وەفدەکە قەڵغانی فەلەستینیان بەخشییە سەرۆک کۆمار بۆ هەڵوێستە دیارەکانی لە پشتیوانی و پشتگیریکردنی دۆزی ڕەوای گەلی فەلەستین.
`
