كۆبونەوەی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە بەغدا بەبێ ئەنجام كۆتایی دێت
كۆبونەوەی ئەمڕۆی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە بەغدا بەبێ ئەنجام كۆتایی هاتوەو وەفدەكەی هەرێمیش گەڕاونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەفدی حكومەتی عێراق بە بێ هیچ ئەنجامێك كۆتایی هاتوە.
وەفدەكەی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتون لە ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سكرتێژی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی دارایی هەرێم، گەڕاونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان كۆبونەوەكە زیاتر لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان و پشكی خەزێنەی فیدراڵ لەو داهاتە بوەو بەهۆی ناكۆكی لەنێوان هەردولا، رێككەوتن لەوبارەیەوە نەكراوەو بڕیاردراوە درێژە بە گفتوگۆكان بدرێت.
لەگەڵ ئەوەی چەند رۆژێك لە مانگی نۆ تێپەڕیوە، بەڵام تاوەكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان، موچەی شەش مانگی ئەمساڵ دابەش كراوەو چارەنوسی موچەی شەش مانگەكەی دیكەی ساڵ بەندكراوە بە رێككەوتنی بەغداو هەولێر لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت و پشكی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان.
لەم نێوەندەدا بۆچونێك هەیە بۆ ئەوەی پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی ببرێت بەمەبەستی بەلاداخستنی ناكۆكییە یاساییەكان سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكان.
