باڵیۆزانی نوێی عێراق لە بەردەم سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی دەخۆن
ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەردەم سەرۆک کۆمار، باڵیۆزانی نوێی عێراق سوێندی یاسایی خوار،
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە : ئەمرۆ چوار شەممە ، لە مەراسیمێکدا ، کە لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو بە ئامادەبوونی "فوئاد حسێن"جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، باڵیۆزانی نوێی عێراق، لەبەردەم " لەتیف جەمال ڕەشید" سەرۆک کۆمار سوێندی یاساییان خوارد.
بەگوێرەی ڕاگەیندراوەکە : سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لێکردن کە بە دەنگی ئەنجومەنی نوێنەران دەستنیشانکراون وەک باڵیۆزی نوێی عێراق ،جەختیکردەوە کە ئەم نوێنەرایەتییە بەرپرسیارێتییەکی قورسە و متمانەیەکی گەورەیە لە هەڵگرتنی پەیامی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان، هەروەک سەرۆك كۆمار،روونیکردەوە : کە لیستی باڵیۆزەکان دوای وردبینیکردنی سەدان ناو هەڵبژێردران، هیوای خواست کە هەوڵەکانیان هاوتا بێت لەگەڵ پێگەی عێراق و ڕۆڵی سەرەکی لە ناوچەکەدا.
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەكە : سەرۆک کۆمار باسی لە دۆخی عێراق و رووداو پێشهاتەکان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا عێراق ئاسایش و سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت،بۆیە لە پێویستە کە وێنەی عێراقی بۆ کۆڕبەندەکانی نێودەوڵەتیەکان بگێندرێت، و کارکردن بۆ باشترکردن و پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لە هەموو بوارەکاندا، هەروەها هاندانی کۆمپانیا گەورەکانی وەبەرهێنان بۆ کارکردن لە عێراق.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە: باڵیۆزان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەم متمانەیە دەربڕ و پابەندبوونیان دووپاتکردەوە بۆ هەڵگرتنی پەیامی دڵسۆزانەی نیشتمانی و کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی وێنە و بەرژەوەندییەکانی عێراق لەسەر ئاستە جیاوازە نێودەوڵەتییەکان.
