سودانی و پزشکیان داوای هەڵوێستی کاریگەر لەسەر زەوی دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە دۆحە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە لە پەراوێزی لوتکەی نائاسایی عەرەبی ئیسلامی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران مەسعوود پزیشکیان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دیارترین پێشهاتەکانی ناوچەکە و کاردانەوە مەترسیدارەکانی بەردەوامی پێشێلکاری و دەستدرێژیەکانی قەوارەی داگیرکەر کرا، کە دوایینیان دژی وڵاتی قەتەر بوو، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کرایەوە، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دڵنیابوون لە فراواننەبوونی ململانێکان و پەسەندکردنی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا کرا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابوری و گەشەپێدان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بکات و خواستەکانی گەلانیان لە چوارچێوەی دیدگای هاوبەشدا بۆ داهاتوو بەدیبهێنێت.
