بەغدا و مۆسکۆ تاوتوێی هاوکاری ستراتیژی و ئاسایشی ئەلیکترۆنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکەن
ئەمڕۆ سێشەممە، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ سێرگی شۆیگۆ، ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ڕووسیا، دووپاتی کردەوە کە حکومەتی عێراق جدی و سوورە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئاسایشی، ئابووری، ستراتیژی و وەبەرهێنانییەکان لە نێوان عێراق و ڕووسیادا.
لە راگهیندراوێكدا لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانییەوە بڵاوکراوەتەوە و دەستی موتەڵع کەوتووە، هاتووە کە "قاسم ئەعرەجی، پێشوازی لە سێرگی شۆیگۆ و شاندە یاوەرەکەی کرد، بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ڕووسیا لە بەغدا".
ئەعرەجی پێشوازی لە "شانده میوانهکه کرد و ستایشی سەردانەکەی بۆ عێراق کرد" و ئاماژەی بەوەدا کە "حکومەتی عێراق بەرەو کرانەوەیەکی فراوان دەڕوات بۆ هاوکاری لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهان، لەپێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا".
له راگهیندراوێكدا ئاماژەی بەوەشدا کە "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و ڕێگاکانی بەردەوامیدان بە هاوکارییەکان لە سەرجەم ئاستەکاندا کرا".
ئەوەشی خستەڕوو کە "ئەم سەردانە، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانە بۆ کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە پەراوێزی لووتکەی عەرەبی کە لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی دەکات".
ڕوونی کردەوە کە "هەردوو لا چەندین دۆسیە و پرسی گرنگی هاوبەشیان تاوتوێ کرد، لەوانە ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری و گواستنەوەی تەکنەلۆجیا و ڕاهێنان لە بوارەکانی ئاسایشی سنوور، ئاسایشی سایبێری، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، و ماددە هۆشبەرەکان".
هەروەها ئهوهیش هاتووه: "لەکۆبوونەوەکەدا باس لە نوێترین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانی حکومەتی هەردوو وڵات کرا بۆ ڕاگرتنی ململانێکان لە کەرتی غەززە و پەرەپێدانی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی گەلی فەلەستین".
ئەعرەجی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "حکومەتی عێراق جدی و سوورە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئاسایشی، ئابووری، ستراتیژی و وەبەرهێنانییەکانی نێوان عێراق و ڕووسیا".
لەلای خۆیەوە، شۆیگۆ سوپاسی ئەعرەجی کرد بۆ پێشوازیی گەرمیانە، و "خواستی ڕاستگۆیانەی حکومەتی فیدراڵی ڕووسیای دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و زیادکردنی هاوکاریی هاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا ".
