تاران ڕەشنووسی بڕیارنامەی پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێشکەش دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئهمڕۆ سێشەممە، ڕایگەیاند کە پرۆژە بڕیارێکی پێشکەش کردووە بۆ قەدەغەکردنی ھەر ھێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان.
ئاژانسی ھەواڵی نێودەوڵەتی تەسنیم بڵاوی کردەوە کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ئیسماعیل بەقائی، لە پۆستێک لە پلاتفۆرمی (X) ئاماژەی بە "دەستپێشخەری ئێران لە خولی ئێستای کۆنفرانسی گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ڤیێنا" کردووە، بۆ پێشنیارکردنی پرۆژە بڕیارێک کە ھێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی وڵاتان قەدەغە بکات. ناوبراو نووسیویەتی: "پرۆژە بڕیارەکە لەلایەن ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەوە لە کۆنفرانسی گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێشنیار کراوە، سەبارەت بە پێویستیی قەدەغەکردنی ھەر ھێرشێک یان ھەڕەشەی ھێرشکردن بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان."
لەلایەکی دیکەوە، نێردەی ھەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڤیێنا ڕایگەیاند کە "کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ھەریەک لە بیلارووسیا، چین، ڕووسیا، ڤەنزوێلا و نیکاراگوا، پڕۆژە بڕیارێکیان پێشکەش بە کۆنفرانسی گشتیی ٦٩ی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کردووە."
ئەم پرۆژە بڕیارە، بە پشتبەستن بە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیڕەوی ئاژانسەکە و بڕیارەکانی پێشووی، جەخت لەسەر پێویستیی قەدەغەکردنی ھەر ھێرشێک یان ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان دەکاتەوە کە لە ژێر چاودێری ئاژانسەکەدان. ھەروەھا ھەر ھێرشێک یان ھەڕەشەیەک دژی ئەم دامەزراوانە بە پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی و ھەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دادەنێت.
نێردەی ھەمیشەیی ئێران لە ڤیێنا ئاماژەی بەوەدا کە "ھێرشە ھاوشێوەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران – کە لە ژێر چاودێری ئاژانسەکەدان – پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیڕەوی ئاژانسەکەیە، و بە شێوەیەکی مەترسیدار سەلامەتی کارمەندانی، ئاسایشی ماددە ئەتۆمییەکان، و ژینگەی خستووەتە مەترسییەوە، بێجگە لە تێکدانی متمانەی سیستەمی بڵاونکردنەوەی چەکی ئەتۆمی."
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە "پێشکەشکردنی ئەم بڕیارە تەنھا بە مەبەستی بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی وڵاتانی ئەندام، لەوانەش کۆماری ئیسلامی ئێران، نییە، بەڵکو بۆ دڵنیابوونە لە ئاسایشی ھەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ژێر چاودێری ئاژانسەکە لەسەر ئاستی جیھان."
وتیشی: "لە دەقی پڕۆژە بڕیارەکەدا ھاتووە: 'ئەو وڵاتانەی کە پڕۆگرامی ئەتۆمی ئاشتیخوازانەیان ھەیە، مافیان ھەیە بۆ دابینکردنی گەرەنتی پێویست بۆ بەکارھێنانی سەلامەت و ئاشتیخوازانەی وزەی ئەتۆمی، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی سەرەکیی ئاژانسەکە لەم بوارەدا.'"
بڕیارەکە، جگە لە جەختکردنەوە لەسەر مافە ڕەسەن و نەگۆڕەکانی وڵاتانی ئەندام لە سوودوەرگرتنی ئاشتیخوازانە لە وزەی ئەتۆمی، ئاماژەی بەوەدا کە تەنھا ڕێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ڕەواکان، گفتوگۆ و دیپلۆماسییە، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتگیری ئەم ڕێبازە بکەن و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو کردارە نابەرپرسانە بگرن کە ھەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی جیھانی دەکەن.
شایەنی باسە کە ئەم پڕۆژە بڕیارە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لە کۆنفرانسی گشتیی ئاژانسەکەدا دەخرێتە بەرباس و پێداچوونەوە، پاشان دەنگی لەسەر دەدرێت. پێشبینی دەکرێت کە پشتگیریی وڵاتە سەربەخۆکان بۆ ئەم پێشنیارە ھەبێت.
