سی بی ئێس: ترەمپ و شەرع لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبنەوە
لە چوارچێوەی کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆڕك كە لە نێوان 22 بۆ 30ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا و ئەحمەد شەرعی سەرۆكی كاتی سوریا كۆدەبنەوە، كە ئەوەش دوەم دیداری ئەو دو سەرۆكەیە لەم ساڵدا.
کەناڵی "سی بی ئێس"ی ئەمریکی ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئامادەکارییەکان بۆ کۆبونەوەیەک لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع بەڕێوەدەچن.
بە وتەی بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی سوریا، شەرع لە نێوان 22 بۆ 30ی ئە مانگە بەشداری 80هەمین خولی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات. ئەوەش یەکەمین جار دەبێت کە سەرۆکێکی سوریا لە نەتەوە یەکگرتوەکان وتار دەدات، لە دوای نورەدین ئەتاسی سەرۆکی پێشو (ساڵی 1967)، و یەکەمین سەرۆکی سوریا کە بەشداری هەفتەی باڵای کۆمەڵەی گشتی دەکات.
لە دوای گەیشتنی بە دەسەڵات لە دیمەشق، دەسەڵاتی کاتیی سوریا پشتگیرییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە. شەرع لە 14ی (ئایار/5)ی ئەمساڵ لە سعودیە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبوەوە، ئەوەش چەند ڕۆژێک دوای سەردانەکەی بۆ پاریس کە لەوێ لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا پێشوازی لێکرا.
