بریتانیاو کەنەدا و ئوسترالیا بە فەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا
ئەمڕۆ یەکشەممە هەریەكە لە وڵاتەكانی بریتانیا، کەنەدا و ئوسترالیا ، بە فەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا، دوو دەوڵەت بە چارەسەری رێشەیی دادەنێن .
کێیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا لە پلاتفۆرمی "X" بڵاویكردەوە، وڵاتەکەی بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، "ئەمڕۆ، بۆ زیندوکردنەوەی هیوای ئاشتی لەنێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان، و گەیشتن بە چارەسەری دو دەوڵەت، شانشینی یەکگرتو بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا".
کێیەر ستارمەر باسی لەوەشكرد، "ڕێنماییم داوە بۆ کارکردن لەسەر سەپاندنی سزاکان بەسەر کەسایەتییەکانی دیکەی حەماس لە چەند هەفتەی داهاتودا". لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەندە "هیوای چارەسەری دو دەوڵەت کاڵ دەبێتەوە، بەڵام ناتوانین ڕێگە بدەین ئەم ڕوناکییە بکوژێتەوە."
ستارمەر لە مانگی (تەمموز/7)ـی ئەمساڵ ڕایگەیاندبو، وڵاتەکەی بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت تا کاتی کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەگەر ئیسرائیل "هەنگاوی بنەڕەتی" بەرەو وەستاندنی شەڕ لە غەززە نەنێت.
لەلایەكی دیكەوە ئەنتۆنی ئاڵبانیز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئەمڕۆ بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە "لە چوارچێوەی هەوڵێکدا بۆ زیندوکردنەوەی چارەسەری دو دەوڵەت کە بە وەستانی شەڕ لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان دەستپێدەکات".
ئاڵبانیز جەختی لەوەکردەوە کە بزوتنەوەی حەماس نابێت هیچ ڕۆڵێکی لە فەلەستیندا هەبێت.
هاوكات مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "کەنەدا دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە و پێشنیاری کارکردن دەکات لە هاوبەشییەکدا بۆ پێشخستنی بنیاتنانی داهاتویەکی ئاشتیخواز و پڕ هیوا بۆ هەردو دەوڵەتی فەلەستین و دەوڵەتی ئیسرائیل".
