بۆ لەنزیکەوە چاودێری کردنی کارەکان.. وائیلی گەیشتە دەروازەی مەنزەرییە لە دیالە
بۆ لەنزیکەوە چاودێری کردنی کارەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی و پێشخستنی ڕێکارەکان، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، فەریق عومەر عەدنان وائیلی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەردانی دەروازەی سنووری مەنزەرییەی لە پارێزگای دیالە کرد .
دەستەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد: "ئەم سەردانە بۆ دڵنیابوون بوو لە سەلامەتی جێبەجێکردنی ڕێکارەکان و گەیشتن بە ئامانجەکانی بەرنامەی حکومەت و بەرنامەی وەزارەت، تێیدا وائیلی بە یاوەری کارمەندانی تایبەت بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، چاودێری دەروازەکەی کرد بۆ هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی ڕێکارەکان بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر بۆ گەنجینەی دەوڵەت، هاوکات دەرکردنی ڕێنمایی نوێی ڕێکخستن بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران دوای پەسەندکردنی پڕۆتۆکۆلەکانی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 613ی ساڵی 2025 بە سەرۆکایەتی فەریق سامی سوودانی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری دەروازە و گومرگ و گواستنەوە."
ڕاگەیەنراوەکە ڕوونی کردەوە کە پێنج ڕێنماییەکە بریتی بوون لە:
پشت بەستن بە وێنەی سۆنەری کاڵا بە شێوەی ئەلیکترۆنی لەلایەن ناوەندی گومرگ و کارمەندانی دەروازەکانەوە کە پسپۆڕن لە وردبینی و شیکردنەوە بۆ ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی هەر ماددەیەکی ڕێگە پێنەدراو.
تەواوی کاڵاکانی ناو گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕ دەبێت لە ماوەی 48 کاتژمێردا بەتاڵ بکرێن، و لە داهاتووشدا ڕێگری لە کەڵەکەبوونی کاڵا دەکرێت، ئەگەر نا، ڕێکاری توند دەگیرێتەبەر.
ڕێگریکردن لە مانەوەی هەر بارهەڵگرێک لەناو گۆڕەپانی بازرگانی یان دەروازەکە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیدان بە شۆفێران و کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
هاندانی بازرگانان و بریکارانی خاڵیکردنی گومرگی بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە زیادکردنی داهاتی حکومەت و دابینکردنی پێداویستی و کاڵا بۆ هاوڵاتیان.
نوێکردنەوە و پەرەپێدانی ڕێکارە ئەلیکترۆنییەکان و یەکخستنیان لە نێوان ناوەندی گومرگ و بەڕێوەبەرایەتی دەروازەکە، بۆ دڵنیابوون لە خێرایی لە کارەکان و گەیشتن بە بەرزترین ئاستی ڕێکخستن لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا.
ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشدا کە "سەردانەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی فەرمانگە کاراکانی دەروازەکە لەخۆگرت بۆ تاوتوێکردنی ڕێنماییە ڕاستەوخۆکانی حکومەت کە جەختیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی، ڕێگریکردن لە پرۆسەکانی قاچاخچێتی، و کارکردن لەسەر ئۆتۆماتیکیکردن و ئاڵوگۆڕی داتا و زانیاری نێوان سەرجەم فەرمانگەکان کردەوە، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری دەروازەکە."
ئاماژەی بەوەشدا کە "دۆسیەی دەروازە و گومرگەکان گواستنەوەیەکی جۆریی ڕوونی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی پشتگیری بەردەوامی حکومەتەوە، لە ڕێگەی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ ئەنجامدانی مامەڵە گومرگییەکان، و بەستنەوەی سۆنەرەکانی دەروازەکان بە تۆڕ، و بەرنامەی بەڕێوەبردنی دەروازە و بەدواداچوونی کاڵا لە ڕێگەی سیستەمی (GPS)ەوە، ئەمەش بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەری هەبووە لەسەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی تەواوبوونی کارەکانی گومرگ و زیادبوونی داهات."
ڕاگەیەنراوەکە ڕوونی کردەوە کە "ئەم ڕێکارانە ئەنجامی بەرچاویان بەدوادا هات، کە دیارترینیان بەدەستهێنانی داهاتێکی گومرگی بوو کە گەیشتە نزیکەی 10 ملیار دیناری عێراقی لە یەک ڕۆژدا (24/9/2025) لە گۆڕەپانی گەورەی پێشوازیکردن لە پارێزگای بەسرە، لەگەڵ کشانەوە و دەرکردنی نزیکەی 4500 کۆنتێنەر بۆ چارەسەرکردنی قەرەباڵغی لە بەندەرە دەریاییەکان.
