پەرلەمانی عێراق خشتەی بەرنامەی کاری خۆی بۆ دانیشتنی چوارشەممەی داهاتو ڕادەگەیەنێت
پەرلەمانی عێراق، خشتەی بەرنامەی کاری خۆی بۆ دانیشتنی چوارشەممەی داهاتو ڕاگەیاند كە ژمارەیەك پڕۆژەیاسا و هەوار دەنگیان لەسەر دەدرێت.
بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویكردوە، "خشتەی کارنامەی دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممە دەنگدان لەسەر پێشنیاری هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای قەرەبوکردنەوەی ئەو قوربانیانەی کە بەهۆی كارەكانی ڕژێمی پێشوەوە ئەندامەکانی جەستەیان لەدەستداوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، دەنگدان لەسەر پێشنیاری هەموارکردنەوەی یەکەمی یاسای ڕێکخستنی بایۆلۆجی نیشتمانی ئەتۆمی، تیشک، کیمیایی و ڕەشنوسی یاسای ڕێکخستنی وزەی نوێبوەوە، و ڕەشنوسی یاسای تەندروستی دەرونی لە كارنامەكەدایە.
بەگویرەی كارنامەكە، ڕەشنوسی یاسای پەسەندکردنی ڕێککەوتنی هاندان و پاراستنی وەبەرهێنانەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی سعودیە دەنگی لەسەر دەدرێت.
ڕونیشیکردەوە، ڕەشنوسی یاسای پەیوەستبونی عێراق بە ڕێککەوتننامەی پێشانگە نێودەوڵەتییەکان کە لە ساڵی 1928 لە پاریس واژۆ کراوە، تەواوکەری پرۆتۆکۆڵەکانی ساڵانی 1948، 1966، 1972 و هەموارکردنەوەیان لە ساڵانی 1982 و 1988، هەروەها دەنگدان لەسەر ڕەشنوسی هەموارکردنەوەی چوارەمی یاسای وەبەرهێنان بۆ ئەو یاسایە لەخۆدەگرێتەوە.
بەگوێرەی خشتەكە، کارنامەکە دەنگدان لەسەر یاسای پێشنیارکراوی ڕێکخستنی سەندیکای کرێکاران و کارمەندانی پیشەسازی، هەروەها دەنگدان لەسەر ڕەشنوسی یاسای ڕێکخستنی مافی قوربانیانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و قوربانیانی ناوەندی نەقا و قوربانیانی ڕوداوی حەمدانییە لەخۆدەگرێت.

