سودانی لە وادی حۆران و بیابانی ئەنبارەوە ژمارەیەک ڕاسپاردە دەردەکات
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شەیاع سودانی، لەگەڵ ئەفسەر و سەربازانی یەکە سەربازییەکان لە وادی حوران و بیابانەکانی ئەنبار کۆدەبێتەوە و فەرمانی بەهێزکردنی سەرجەم پێداویستییەکان دەکات بۆ پاراستنی ئەم ناوچە ستراتیژییە
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووه بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە، سەردانێکی مەیدانی بۆ وادی حوران و بیابانەکانی ئەنبار لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و جەزیرە ئەنجامدا، بەڕێز وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپا و جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەی هێزە وشکانییەکان و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی و ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆک وەزیران یاوەری بوون.
بەڕێزیان بەشێوەیەکی مەیدانی و ئاسامانی یەکەکانی لە ناوچەکانی وادی حوران و سەگار و حوسێنیات و حزێمی و کەعره و عەکازى بەسەرکردەوه و گوێی لە ڕوونکردنەوەیەکی وردی فەرماندەکان گرت سەبارەت بە کارە بەردەوامەکانی دروستکردنی هێڵی بەرگری لە وادی حوران و بنکە سەربازییەکان لە ماوەی حکومەتی ئێستادا.
سەردانەکە بریتی بوو لە بەسەرکردنەوەی هەندێک خاڵی بەرگری لە فیرقەی 5 و 7ی سوپا، لەوانەش بارەگای لیوای 20ی فیرقەی 5 لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار لە ناوچەکانی سەگار و حزێمی و خاڵی سنووری جیاکرەوەی نێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و فەرماندەیی جەزیرە لە دەروازەی وادی حوران کە دەکەوێتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی فەوجەکەی 2ی لیوای 78 فیرقەی حەوتەم.
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەگەڵ سەربازانی ناوچەکانی هێڵی پێشەوە کۆبووەوە و پێداچوونەوەی بە بارودۆخيان کرد، و جەختی لەسەر پێویستی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانیان کردەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین ئاست ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، و گرنگی ستراتیژیی ئەم ناوچەیە دووپات کردەوە بۆ ئاسایش و سەقامگیری وڵات، جگە لە گرنگیی ئابووریی بەرچاو.
هەروەها سەردانەکەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پشکنینی ئاسمانی بۆ کارەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی بەرپرس لە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە کێڵگەی عەکاز کە یەکێکە لە کێڵگە ئومێدبەخشەکانی غازی سروشتی لەخۆگرت.
