فوئاد حسێن جەخت لەسەر پەرۆشی عێراق بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەوەی هاوسەنگ دەکاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە، جەختی کردەوە لەسەر پەرۆشی عێراق بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەوەی هاوسەنگ کە لەسەر ڕێزگرتنی دوولایەنە بنیات نراوە.
وەزارەتی دەرەوە لە راگهیندراوێكدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە: "وەزارەتی دەرەوە، بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی کۆماری عێراق، ئاهەنگێکی نیشتمانی لە قوتابخانە کۆنەکەی موستەنسریە لە بەغدا ساز کرد، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە، و بە بەشداری ژمارەیەک لە سەرۆک و ئەندامانی شاندە دیپلۆماسییەکانی عەرەبی و بیانی پەسەندکراو لە عێراق و دکتۆر ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری ڕۆشنبیری".
وەزیری دهرهوه لە وتارێکدا بە بۆنەی ئاهەنگەکەوە رایگهیاند: "ڕۆژی نیشتمانی بەرجەستەکردنی دەستپێکردنی دەوڵەتی عێراقی نوێیە بە چوونی عێراق بۆ ناو کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٣٢"، ئاماژەی بەوەدا کە "عێراقییەکان، بە قوربانیدان و سووربوونیان، شوناسی نیشتمانەکەیان داڕشت و میراتی شارستانی و مرۆیی خۆیان بە درێژایی نەوەکان چەسپاندووە".
وەزیری دهرهوه وتیشی: "دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی نوێ تەنها ڕووداوێکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو بەرجەستەکردنی ئیرادەی کوڕانی گەل بوو بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک کە پێگەیەکی بەرزی لە نێوان گەلاندا هەبێت"، جەختی لەسەر "پابەندبوونی عێراق بە ڕێبازی دیموکراتی فیدراڵی و ڕێزگرتن لە دەستووری هەمیشەییەکەی" کردەوە، هەروەها "پەرۆشیی بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەوەی هاوسەنگ کە لەسەر ڕێزگرتنی دوولایەنە، دۆستایەتی دراوسێیەتی باش، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان، و درێژکردنی پردی هاوکاری و دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست دامەزراوە".
