واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی گرنگ لە نێوان نەوتی عێراقی و کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنی بنەماکانی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کرد
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی بنەماکانی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی کرد.
وتیشی لە میانەی پێشوازیکردنی لە جێگری سەرۆکی کۆمپانیاکە، پیتەر لاردن و شاندی یاوەری، بە ئامادەبوونی بەرپرسی کاروباری ئەمەریکا لە عێراق، بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەکرد کە ڕێککەوتنەکە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئایندەی کەرتی نەوت لە عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەمەریکا دەکات و جەختیشی لەوە کردەوە کە دەرگاکان کراوەن بەڕووی سەرجەم کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە گەشەپێدانی کەرتی نەوت.
سودانی ئاماژەی بە گرنگیدانی حکومەت کرد بۆ هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە گەورەکان بەتایبەت کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کارکردن لە کێڵگە نەوتییە گرنگەکان، لەوان کێڵگەی مەجنوون لە بەسرە، و پەرۆشی خۆی بۆ ڕاکێشان و پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە کەرتی وزە، بە تایبەت لە بواری وەبەرهێنانی غازدا دەربڕی.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگی بەشداریی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە مۆدێرنکردنی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هەناردەکردن و کەڵک وەرگرتن لە نوێترین تەکنەلۆژیا لە پیشەسازی نەوتدا کردەوە. بەمەبەستی پێشخستنی کەرتی نەوت و زیادکردنی بەرهەمهێنان.
لای خۆیەوە پیتەر لاردن سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی بۆ هەنگاوەکانی حکومەت بۆ بەهێزکردنی هاوکاری دوولایەنە، هەروەها بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی عێراقەوە پیرۆزبایی لێکرد و ستایشی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی کرد کە وڵات لە کەرت و بوارە جیاجیاکاندا بەخۆیەوە دەیبینێت.
