مەکسیک.. بەهۆی باران بارینەوە نزیکەی ٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا
ئەمڕۆ شەممە، دەزگاکانی هەواڵی مەکسیک باسیان لەوەکرد بەهۆی بارانبارینێکی بەخوڕ و درووستبوونی لافاو نزیکەی ٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسیش بێسەرووشوێنن، هەروەها نزیکەی یەک هەزار خانوو داڕمان.
لەلای خۆیەوە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە بارانێکی بەخوڕ ناوچە جیاوازەکانی مەکسیکـی گرتەوە و بەهۆی کۆبوونەوەی رێژەیەکی زۆری ئاوەوە، گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٢٧ کەسی لێ کەوتەوە و ئامارەکانیش بەردەوامن لە نوێبوونەوە.
ئاژانسەکە باسی لەوەشکرد، ئەو بارانە ویلایەتی هیلداگۆی گرتووەتەوە و تا ئێستا ١٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکران، ئەمە جگە لە بێسەروشوێن بوونی چەندین کەس، نزیکەی یەک هەزار خانووش داڕمان.
هاوکات، بووە هۆی پچڕانی کارەبا لەو ناوچانە و زیانێکی مادی زۆری لێ کەوتووەتەوە.
بە گوێرەی پارێزگاری ویلایەتی پویبلا، لەو ویلایەتە بە نزیکەیی نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون، هاوکات دوو حاڵەتی دیکەی مردنیان لە ویلایەتی ڤێراکرۆز راگەیاند.
