سودانی فەرمانی دەکات سوود لە بیرۆکەکەکانی گەنجانی کارساز بگیرێت لە پڕۆژە گەورەکان
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، فەرمانی کرد سوود لە بیرۆکەکەکانی گەنجانی کارساز بگیرێت لە پڕۆژە گەورەکان کە لە سەرانسەری عێراقدا جێبەجێ دەکرێن
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی کرد لە ژمارەیەک گەنجی بەشداربووی کۆنفرانس و پێشانگای دەستپێشخەری (ڕیادە) لە بەغداد و پارێزگاکان، کە خاوەن بیرۆکەن و هەندێکیان گۆڕدراون بۆ پڕۆژە، هەندێکی دیکەشیان لە پرۆسەی گۆڕانکاریدان لەڕێگەی دەستپێشخەرییەکەوە، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاروباری دەستپێشخەری ڕیادە.
وتیشی سودانی ئاماژەی بە گرنگیدانی حکومەت بۆ دەستپێشخەرییەکە کرد و بە پڕۆژەیەکی گرنگ ناوی برد و حکومەت هەوڵدەدات بیپارێزێت و پەرەی پێبدات، هەروەها نوێنەرایەتی یەکێک لە گرنگترین چارەسەرەکان دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بێکاری لە عێراق و ڕەخساندنی هەلی کاری جۆراوجۆر لە ڕێگەی گۆڕینی بیرۆکەی گەنجانەوە بۆ پڕۆژە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی هاوکارییەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسانی دەستپێشخەرییەکەی ڕاسپارد لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکان کاربکەن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی کارکردنی هاوبەشی نێوان کۆمپانیا گەورەکان کە لە عێراق کاردەکەن و کۆمپانیا بچووکەکان کە بەم دواییە لەلایەن گەنجانەوە لە کەرتە هاوشێوەکان دامەزراون، هەروەها فەرمانی کرد سوود لە بیرۆکەی کارگێڕی گەنجان بگیرێت لە پرۆژە گەورەکان کە لە بەغداد و پارێزگاکان جێبەجێ دەکرێن، لەوانە پرۆژەی بوژاندنەوەی بەغدادی مێژوویی و پرۆژەی شارەکانی نیشتەجێبوون و ناوچە بازرگانییەکان.
هەروەها سەرۆک وەزیران فەرمانی کرد هاوکاری گەنجان بکرێت بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیاکانیان لە تۆماری کۆمپانیاکانی عێراق و هاوکاری ئەو کەسانەش بکرێت کە بیروکەیان پێشکەش کردووە و ڕێکارەکانیان بۆ ئاسان بکرێت بۆ وەرگرتنی قەرز لە بانکە حکومی و نا حکومییەکان.
