ڕوانگەیەک: نزیکەی 250 هەزار دار بوونە قوربانیی بانگەشەی هەڵبژاردن
لە کاتێکدا عێراق بەدەست گۆڕانی کەشوهەواوە دەناڵێنێت، کەچی سیاسییەکانی وڵاتەکە بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بەردەوام سەرقاڵی لەناوبردنی ئەو ڕێژە کەمەی سەوزایین کە ماوە.
لە عێراق، کێبڕکێی گەیشتن بە کورسیی پەرلەمان بووەتە جەنگێکی ئاشکرا لە دژی ژینگە، لە کاتێکدا وڵات لەژێر هەڕەشەی بە بیابانبوون و گۆڕانی کەشوهەوادا هەناسەی سوار بووە، کەچی کاندیدەکانیش بە زیان گەیاندن بە 250 هەزار دار، یەکەمین قوربانیی هەڵمەتەکانیان تۆمار کرد و سەلماندیان کە بۆ وێنەیەکی هەڵواسراو، ئامادەن دوا چرۆی هیوای سەوزایی ئەم خاکە بژاکێنن.
یەکشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕوانگەی عێراقی سەوز، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، لە 15 پارێزگای وڵاتەکەدا بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، نزیکەی 250 هەزار دار زیانییان بەرکەوتووە و بوونەتە قوربانیی کورسیی پەرلەمان.
زیان گەیاندن بەو ژمارە دارە، لە لایەن ئەو کەسانەی کە بڕیارە ببنە یاسادانەر، تەنیا پێشێلکارییەکی ژینگەیی نییە، بەڵکو وێنەیەکی ڕوونی ئەو عەقڵیەتە سیاسییەیە کە عێراقی بەڕێوە بردووە.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕوانگەی عێراقی سەوز ئاماژە بەوەش کراوە، لە چوار پارێزگای وڵاتەکەدا، بەهۆی ئەوەی کاندیدان لە کاتی هەڵواسینی پۆستەرەکانیان ژمارەیەک داریان شکاندووە، هەڵواسینی پۆستەر قەدەغە کراوە.
ڕوانگەکە ڕوونیشی کردەوە، جگە لە دارەکان، ناوەڕاستی شەقامەکانی زۆرێک لە پارێزگاکانی عێراق بەهۆی پۆستەری کاندیدەکانی زیانیان بەرکەوتووە، کە خۆی دەبینێتەوە لە؛ شکاندنی چیمەنتۆ و کاشی، هەروەها زیانێکی زۆریش بەر چیمەنەکان گەیشتووە.
ڕوانگەی عێراقی سەوز، هۆشداریی داوە لە دانانی ئەو ڕێکلامانەی کە زیان بە بۆری ئاوی ناوەڕاستی شەقامەکان دەگەیەنێت. هاوکات داوای کردووە ئەو کەسانەی کە لە ڕێگەی ڕێکلامەکانیان کە سیمای شاریان تێکداوە پێویستەی پێبژارنیان لەسەر بکرێت بە دوو هێندە.
