سەرۆک کۆمار پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و فەڵەستین تاوتوێ دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆک کۆمار، د.لەتیف جەمال ڕەشید، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و فەڵەستین تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاندووە: "سەرۆک کۆمار، د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تشرینی یەکەم 2025،لەکۆشکی بەغداد، بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکە فەرمییەکانی، پێشوازیکرد لەباڵیۆزی دەوڵەتی فەلەستین لەعێراق، بەڕیز ئەحمەد ئەلڕویزی".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە سەرۆک کۆمار "هەڵوێستی عێراقی لەپشتیوانیکردنی گەل و دۆزی فەلەستینی لە بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان دوپات کردەوە و هەوڵەکانی باڵێۆزی لەپتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی برای بەرز نرخاند".
لە بەرامبەردا باڵێۆزی فەلەستین "سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتی و هاوکارییەکانی بەڕێز سەرۆک کۆمار دەربڕی، لەماوەی ئەرکەکەیدا و ستایشی هەڵوێستە نەگۆڕەکانی عێراقی بەرامبەر پرسی فەلەستین کرد".
لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاندووە کە "سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید ئەمڕۆ دووشەممە 20-10-2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە محەممەد کازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق".
لە میانەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار، "پەرۆشی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دووقۆڵیی و فراوانکردنی هاریکاری هاوبەش بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دراوسێ بکات و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگیر بکات".
لای خۆیەوە باڵیۆز محەمەد کازم ئال سادق "پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی و خەمخۆریی تایبەتی بەڕێزیان نیشاندا سەبارەت بە پتەوکردنی پەیوەندیی دووقۆڵیی و جەختیکردەوە لە پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی دۆستانە و دراوسێیەتی باش لە نێوان هەر دوو وڵات و گەلی دراوسێ".
