سودانی:حکومەت لە چوارچێوەی بەرنامەی جێبەجێکردنیدا گرنگییەکی تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ دەدات
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە بەرپرسی ڕوانگەی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ مستەفا سەعدون.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا كە دەستی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاندووە: "ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە بەرپرسی ڕوانگەی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ مستەفا سەعدون".
ئاماژەی بەوەشکرد ، لە میانی دیدارەکەدا "باسیان لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەوڵەکانی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم پرسە گرنگە و بەرزکردنەوەی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ کاری چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافەکان کرا، بەشێوەیەک لەگەڵ دەستووری عێراق و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی عێراق بگونجێت".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران "جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت لە چوارچێوەی بەرنامەی جێبەجێکردنیدا گرنگییەکی تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ دەدات و کار بۆ دەستبەرکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت کراوەیە بەڕووی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانییە کاریگەرەکان، لە پێشەنگیاندا ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ".
هەروەها سودانی "ئاماژەی بە ئامادەیی حکومەت کرد بۆ بانگهێشتکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا عێراقیان جێهێشتووە بۆ گەڕانەوە و دابینکردنی پاڵپشتی و ئاسانکاری پێویست بۆیان، بۆ ئەوەی بە ئازادی و بەرپرسیارانە ڕۆڵەکانیان بەپێی یاسا و دەستوور بگێڕن".
