کۆمسیۆن لەبارەی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات بڕیاریدا
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، مافی دەنگدانی ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژین گرەنتی دەکرێت ودەتوانن لە پارێزگاکانی خۆیان دەنگبدەن و هەروەها تۆمارکردنی بایۆمەتری لە دوای هەڵبژاردن بەردەست دەبێت بۆ ئەوانەی تۆمار نەکراون.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، نیبراس ئەبو سودە، جێگری وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت، مافی ئەو هاوڵاتییانەی کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن لە ناو عێراقدا پارێزراوە و بەپێی یاسای کارپێکراو لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا لە پارێزگا رەسەنەکانی خۆیان دهتوانن دەنگ بدەن.
وتیشی، پرۆسەی دابەشکردنی کارتی دەنگدان تاوەکو رۆژی دەنگدان بەردەوام دەبێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سەرجەم هاوڵاتییان کارتەکانیان وەردەگرن و بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن، هەروەها کۆمسیۆن دابەشکردنی هیچ کارتێکی چاپکراو دواناخات و بەردەوام دەبێت لە رادەستکردنی بە هاوڵاتییان لە هەر کاتێکدا، جا پێش هەڵبژاردن بێت یان دوای هەڵبژاردن.
دەشڵێت، ئەو هاوڵاتییانەی کە زانیارییەکانیان نوێ نەکردووەتەوە یان بایۆمەترییان تۆمارنەکردووە لە ماوەی نوێکردنەوەی پێشوو بۆ بهشداریكردن له هەڵبژاردن، دەتوانن دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان.
