سودانی: پەیوەندی دۆستانە لە نێوان بەغداد و واشنتۆن لەسەر بنەمای دیالۆگی بنیاتنەر دامەزراوە
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدیكردەوە: پەیوەندی دۆستانە لە نێوان بەغداد و واشنتۆن لەسەر بنەمای دیالۆگی بنیاتنەر دامەزراوە، و جەختیشی لەسەر پێویستی دووركەوتنەوە لە هەر هەنگاوێكی تاكلایەنە لە دەرەوەی چوارچێوەی پەیوەندی و ڕاوێژكاری كردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كەدەستی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ماركۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە پێگەیشت. لەمیانەی پەیوەندییەكەدا باسیان لە ڕێگاكانی پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان كۆماری عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و درێژەدان بە هەوڵە هاوبەشەكان كرد بە ئامانجی چەسپاندنی هاوبەشی قووڵ و فرەڕەهەندی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەكانی سیاسی، ئابووری، كولتووری، ئەمنی و سەربازیدا.
بەگوێرەی بەیاننامەكە سەرۆك وەزیران، پابەندبوونی حكومەتی عێراقی دووپاتكردەوە بۆ درێژەدان بە هاوكاریی دووقۆڵی و هەنگاونان بەرەو پێشەوە لە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنانەی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە فراوانكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان، پەرەپێدانی كەشێكی سەرنجڕاكێشی وەبەرهێنان بۆ بازرگانی، و ڕەخساندنی كەشوهەوایەكی گونجاو بۆ وەبەرهێنان و كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە عێراق، بەرجەستەكردنی دیدگای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.
سودانی تەئكیدیكردەوە: كە پەیوەندی دۆستانە لە نێوان بەغدا و واشنتۆن لەسەر بنەمای گفتوگۆی بنیاتنەر و پەیوەندی بەردەوام لە ڕێگەی چەندین كەناڵەوە دامەزراوە، ئەمەش بەرژەوەندی هاوبەش بەرز دەكاتەوە و متمانەی یەكتر دەچەسپێنێت، لە چوارچێوەی ڕاوێژ و هەماهەنگی بەردەوام بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەكان، جەختیشیكردەوە: لە پێویستی دووركەوتنەوە لە هەر هەنگاوێكی تاكلایەنە لە دەرەوەی چوارچێوەی پەیوەندی و ڕاوێژكاری.
لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە: هەروەها هەردوولا تاوتوێی مەرجە دەستوورییەكانیان كرد بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، لەگەڵ ئەوەی سەرۆك وەزیران پابەندبوونی حكوومەتی دووپاتكردەوە بۆ بەهێزكردنی پرۆسەی دیموكراسی بە شێوەیەك كە سەقامگیری سیاسی و گەشەسەندنی بەردەوام لە عێراقدا بچەسپێنێت.
