سودانی: کێبڕکێی هەڵبژاردن دەبێت لەسەر بنەمای بەرنامە و پڕۆژە بێت دوور لە قسەی دووبەرەکی
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی،لەمیانی پێشوازیکردنی لە سەرۆک هۆز و کەسایەتییە دیارەکانی هۆزەکانی ناوچەکانی ڕزوانیە و ئەبوغرێب و یوسفیە لە ڕۆژئاوای بەغداد جەختیکردەوە کە کێبڕکێی هەڵبژاردن دەبێت لەسەر بنەمای بەرنامە و پڕۆژە بێت دوور لە قسەی دووبەرەکی.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاری پێشوو و کاندید بۆ ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد خالدی و کۆمەڵێک لە کەسانی ئەکادیمی و ڕۆشنبیر، پێشوازی کرد لە سەرۆک هۆز و کەسایەتییە دیارەکانی هۆزەکانی ناوچەکانی ڕزوانیە و ئەبوغرێب و یوسفیە.
وتیشی سودانی جەختی لەسەر ڕۆڵی هۆزەکان لە هەموو جومگە و ڕووداوەکاندا کردەوە، لە هەمووی گرنگتر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کە پەیوەندی بە هیچ گروپ و هۆزێکی دیاریکراوەوە نییە، هەروەها ڕۆڵی ئەوان لە بەهێزکردنی هاودەنگی گەلی عێراق و پێکەوەژیان و هاوئاهەنگی و هاوکاری بۆ پاراستنی سیستەمی سیاسی و پرۆسەی سیاسی و ئەزموونی دیموکراسی.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکرد کە حکومەت لە یەکەم ڕۆژی کارەکانییەوە دەستیکرد بە دابینکردنی بناغەکانی بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاماژەی بە تەواوکردنی چەندین پڕۆژە و کەمکردنەوەی بێکاری و دابینکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن و سەد و پەنجا هەزار هەلی کار بۆ گەنجان لە کەرتی تایبەتدا کرد، لە هەمان کاتدا دەستەبەرکردنی مافە تەواوەکانیان، هاوشێوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، لە ڕێگەی یاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتییەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە:
? حکومەتەکەمان کاری کردووە بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ئەولەویەت لە بەرنامەکەیدا، ئەوانیش دابینکردنی هەلی کار و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان.
? پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە پێشینەی کارەکانی حکومەتەکەماندا بووە، جا بە تەواوکردنی پڕۆژەی ڕاگیراو و تەواو نەکراو بێت یان دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێ لە هەموو عێراق.
? توانیومانە بەشێوەیەکی بەرچاو هەژاری کەم بکەینەوە و هاوکاری نەختینەیی و بەشەخۆراک پێشکەش بە 900 هەزار سودمەند بکەین.
? هەنگاوی سیستماتیکیمان ناوە بۆ چاکسازی لە ئابووریدا و دیدگا و ئاراستەیەکمان هەیە بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی و گەشەپێدان.
? ئێمە پڕۆژەی گرنگمان تەواو کردووە، دیارترینیان پڕۆژەی شکاندن بە فاکتەری یاریدەدەر /FCC لە پاڵاوگەی شعێبە لە پارێزگای بەسرە کە گەورەترینە لە ناوچەکە.
? بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا عێراق خۆبژێوی لە بەرهەمە نەوتییەکان ڕاگەیاند، کە پێشتر ساڵانە 6 ترلیۆن دینار لەسەر دەوڵەت دەکەوت بۆ هاوردەکردن.
? ئەمڕۆ پێگەیشتوویی و هۆشیاری و کارایی جەماوەریمان هەیە لەگەڵ پڕۆسەی سیاسی و پێداویستییەکانی، لە هەمووی گرنگتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووە.
? بەشداری چالاکانە لە هەڵبژاردنەکان دەبێت هەمووان لەسەری ڕێکبکەون و نابێ پشتگوێ بخرێن، بەو پێیەی مافێکی دەستوورییە و چارەنووسی وڵات بۆ چوار ساڵی داهاتوو دیاری دەکات.
? هاووڵاتیان هۆشیاری و تێگەیشتنێکی بەرزیان هەیە، و دەتوانن بڕیاری خۆیان بدەن سەبارەت بەو پڕۆژە ڕاستەقینەیەی کە تایبەتە بە خزمەتکردنی وڵات.
? کەسانێک هەن درۆ بڵاودەکەنەوە بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و چەواشەکردنی ڕای گشتی بۆ ڕێگریکردن لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان.
? کێبڕکێی هەڵبژاردن دەبێت لەسەر بنەمای بەرنامە و پڕۆژە بێت، دوور لە قسەی دووبەرەکی و ناوچەگەری و هاندانی ناتەبایی.
? زۆر گرنگە ئێمە بە وردی نوێنەرانی خۆمان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێرین، بە تایبەت ئەوانەی پاڵپشتی پڕۆژەی بنیاتنانی دەوڵەت دەکەن.
? ئێمە سیاسەتێکی هاوسەنگمان گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەی عێراق لەو شەڕ و ململانێیانەی لە ناوچەکەدا ڕوویاندا و سەرکەوتوو بووین لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی.
? هەڵوێستی پرەنسیپی خۆمان لەسەر پرسی فەڵەستین پاراستووە، لە هەمان کاتدا بەرژەوەندی عێراق و عێراقییەکانمان لە پێشەوە داناوە.
