ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا پلانێکی ئەمنیی تەواوکار بۆ دابینکردنی سەلامەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت
فەریق ڕوکن وەلید خەلیفە تەمیمی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاشکرای کرد کە پلانی ئەمنییەکی تەواوکار ئامادەکراوە بۆ دابینکردنی سەلامەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن.
تەمیمی لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "لەسەر بنەمای ئەو بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەی کە لەسەر شانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدایە، پلانی ئەمنییەکی تەواوکار ئامادەکراوە بۆ دابینکردنی سەلامەتی پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو، بە شێوەیەک کە کەشێکی جێگیر و ئارام بۆ دەنگدەران و بەربژێرەکان و هەموو کارمەندانی ناوەندەکانی هەڵبژاردن دابین بکات".
وتیشی: "پلانەکە بریتی بوو لە دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان بەسەر سەرجەم پێکهاتە و یەکەکان لە ناوچەی بەرپرسیارێتیدا، لەگەڵ توندکردنی ڕێوشوێنەکانی پشکنین و پاراستن لە دەوروبەری ناوەندەکانی دەنگدان، و چاودێریکردنی ڕێگا سەرەکی و لاوەکییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش یان کاریگەری لەسەر ئیرادەی دەنگدەران"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "جەخت کراوەتەوە لەسەر بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و دەزگا هەواڵگرییەکان و لایەنە پشتیوانەکان، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری بە خێرایی، و چالاککردنی هەوڵە هونەرییەکان و کامێراکان بۆ بەدواداچوونی هەر چالاکییەکی گوماناوی یان سەرپێچیکار".
تەمیمی جەختی لەسەر "پابەندبوونی تەواوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بە بێلایەنیی پیشەیی و وەستان لەسەر یەک مەودا لەگەڵ هەموو کوتلە سیاسی و بەربژێرەکان، و کارکردن بە هەموو هەوڵێک بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەک کە وێنەی ڕاستەقینەی دیموکراسی لە عێراقدا ڕەنگ بداتەوە" کردەوە.
