عێراق لە ڕوناکیدایە: نەتەوە یەکگرتووەکان ١١ی ئەم مانگە بە مێژوویی و چارەنووسساز وەسف دەکات
ئەمڕۆ شەممە محەمەد حەسان نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی نێردەی هاوكاریی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق (یونامی)، متمانەی نوێبوونەوەی خۆی بە كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ئەندامەكانی دووپاتكردەوە، هاوكات جەختی لە گرنگی بەشداریكردنی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كردەوە.
حەسان لە بەیاننامەیەكدا كە بە موتەڵع گەیشتووە: ئەمڕۆ بە یاوەری سەرۆك كۆمار سەردانی بارەگای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانمان كرد، لەوێ لەگەڵ سەرۆكی كۆمسیۆن و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی كۆمسیۆن كۆبووینەوە و پێداچوونەوەمان بەو ئامادەكارییانەی كراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئازاد و دادپەروەرانە و سەربەخۆ لە سەرتاسەری عێراق.
حەسان دەشڵێت : لەم سەردانەدا متمانەی خۆمان بە كۆمسیۆن و ئەندامەكانی دووپاتكردەوە، داواشمان لێكردن كە بەرزترین پێوەرەكانی یەكپارچەیی و سەربەخۆیی بپارێزن بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەكان و ئایندەی عێراق، هیوای خۆمان دەربڕی بۆ بەشداری فراوانی گەلی عێراق لە بەكارهێنانی مافی دەستووری خۆیان بۆ دەنگدان لەم هەڵبژاردنانەدا بە ڕاستگۆیی تەواوەوە، هانیان دەدەین بۆ ئەوەی بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتیەوە بەشداری چالاكانە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا بكەن و داوایان لێدەكەین بە وردی ئەو كاندیدانە هەڵبژێرن كە خزمەت بە عێراق دەكەن.
ووتیشی: هیوای ئێمە ئەوەیە كە ببینین ئەم وڵاتە ئازیز و بەنرخە بە جێگیری و بە ئەنقەست بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی زیاتر هەنگاو بنێت،عێراق شایەنی ئەوەیە و پێویستی بە سەركردەیەك هەیە كە توانای وەرگێڕانی خواستە ڕەواكانی گەلی عێراقی هەبێت بۆ واقیعێكی بەرجەستە، دوور لە تایفەگەری و خزمایەتی و كوتلەگەرایی و دروشمی پووچ،دەنگەكانتان بكەنە بەنرخ و مانادار وبەهادار.
