خولی ئینگلتەرا..مانچستەر یونایتد و تۆتنهام بە دوو گۆڵ یەکسانبوون
لە خولی ئینگلتەرا و لە یارییەکی بەهێزدا تۆتنهام و مانچستەر یونایتد بە دوو گۆڵ یەکسانبوون.
لە یارییەکی هەفتەی 11ی خولی ئینگلتەرا، یانەی تۆتنهام لە یاریگای خۆیدا میوانداری مانچستەر یونایتدی کرد.
تایمی یەکەم، یانەی میوان باشتر دەرکەوت و لە خولەکی 32 بریان مبێمۆ گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، نیوەی یەکەمیش بەو تاکە گۆڵە کۆتاییهات.
لە تایمی دووەم، هەردوولا چەندین گۆرانکارییان ئەنجامدا، لە مان یونایتد ماگوایەر و لە تۆتنهامیش رۆمیرۆ بەهۆی پێکانەوە یاریگایان جێهێشت.
تۆتنهام هاتەوە کەشی یارییەکە و لە خولەکەکانی 84 و 90 دوو گۆڵیان لە رێگەی ماتیاس تێل و ریچالیسۆنەوە تۆمارکرد و نزیکبوو یارییەکە لە سودی تۆتنهام کۆتاییبێت.
بەڵام لە خولەکی شەشەمی کاتی زیادکراو، لێدانێکی گۆشە بۆ شەیتانە سورەکان هەژمارکرا و دی لیخت بە لێدانی سەر گۆڵی یەکسانبوونی یانەکەی پێ تۆمارکرد.
سەرەنجام یارییەکە بە یەکسانبوون بە دوو گۆڵ کۆتاییهات، بەم ئەنجامە تۆتنهام بە 18 خاڵ لە پلەی سێیەمە و مان یونایتد بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ پلەی حەوتەمی گرتووە.
