غەلای: هیچ کێشەیەک لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا نییە
ئەمڕۆ یەکشەممە،جومانه غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، هیچ کێشەیەک لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا نییە، هاوکات ئاماژەی بە دیاریکردنی 97 وێستگەی هەڵبژاردن بۆ ئاوارەکان کرد.
غەلای، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ووت: پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەیانی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی زۆر باش لە سەرجەم بنکەکانی دەنگدان لە سەرانسەری پارێزگاکاندا دەستیپێکرد.
ئاماژەی بەوەشدا : ژمارەی هێزە ئەمنییەکان کە مافی دەنگدانیان هەیە، گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک و سێ سەد هەزار سەرباز.
ووتیشی : کۆمیسیۆن 809 بنکەی دەنگدانی کردووەتەوە بە 4501 وێستگەی هەڵبژاردن کە بۆ کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان تەرخان کراوە، و هەموویان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستیان بە کار کردووە بەبێ تۆمارکردنی هیچ گرفتێک.
"غلای" ڕوونیشیکردەوە کە دەنگدانی تایبەت ، ئاوارەکانیش دەگرێتەوە کە ژمارەیان زیاتر لە 26 هەزار دەنگدەری ئاوارەیە،و 27 بنکەی دەنگدان و 97 وێستگە لە کەمپەکانن و ئاوارەکانی شنگال لە ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان بۆیان تەرخان کراوە.
جەختی لەوەش کردەوە کە پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشدا : کۆمیسیۆن ڕاپۆرتی کردنەوەی بنکەکانی بە سەرکەوتوویی بڵاوکردووەتەوە،و ڕاپۆرتێکی نیوەڕۆ بڵاودەکاتەوە بۆ بەدواداچوونی ڕێژەی بەشداریکردن، و دواتر ڕاپۆرتی داخستن دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان بڵاو دەکاتەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو : کە زیاتر لە 1000 چاودێری نێودەوڵەتی، چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن کە سەردانی بنکە هەڵبژاردنەکانیان کردووە و لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە تێگەیشتوون، جگە لە چاودێرە نێوخۆییەکان کە ژمارەیان زۆرە و بریکارانی پارتە سیاسییەکان کە لە وێستگەکاندا ئامادەن.
لەلایەن خۆیەوە، "حەسەن هادی" ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند: پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچێت و هەماهەنگییەکی بەهێز لە نێوان کۆمیسیۆن و وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا هەیە.
ئاماژەی بەوەشدا کە ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەتدا نزیکەی نیوە بووە لە کاتژمێرەکانی یەکەمی دەنگداندا.
ڕوونیشیکردەوە : ئامێرەکانی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی نایاب کار دەکەن و تا ئێستا هیچ گرفتێکی تەکنیکی تۆمار نەکراوە.
ئاشکراشیکرد : کە کۆمیسیۆن ژمارەیەک تاقیکردنەوەی تەکنیکی بۆ ئامێرەکانی هەڵبژاردن پێش ڕۆژی دەنگدان ئەنجام داوە، و هێزە ئەمنییەکان وەک دەنگدەر بەشدار بوون لە چوارچێوەی تاقیکردنەوەکەدا، و ئامێرەکان لێهاتوویی زۆریان سەلماندووە،و جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوەی ئەمڕۆ لە مەیداندا ڕوودەدات، سەرکەوتنی ئەو تاقیکردنەوانە بەرجەستە دەکات، چونکە پرۆسەکە بەپێی ئەوەی بە وردی پلانی بۆ دانرابوو بەڕێوەدەچێت.
هادی ئەوەشی خستە ڕوو : کە دەنگدان تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
