کۆبوونەوەی حکومی بۆ بەدواداچوون بۆ پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی قۆناغی دووەمی شەقامی ڕەشید
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەک دەکات تایبەت بە پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی ڕێڕەوی دووەمی شەقامی ڕەشید.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد سەبارەت بە پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی ڕێڕەوی دووەمی شەقامی ڕەشید، کە لە گۆڕەپانی ڕەسافیەوە دەستپێدەکات تا سەرەتای شەقامی ئەبو نەواس، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەمینداری بەغداد و پارێزگاری بانکی ناوەندی و ژمارەیەک ڕاوێژکار و بەرپرسی پەیوەندیدار بەڕێوەچوو.
وتیشی لە میانی کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە هەنگاوەکانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی ڕەشید کرا کە نزیکەی 3.5 کیلۆمەتر دەگرێتەوە، ئەم قۆناغە لە گۆڕەپانی مەعروف ڕەسافییەوە دەست پێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیتاڵی نوێ، جگە لە نۆژەنکردنەوەی 183 بینای حکومی و تایبەت.
ڕوونیشیکردەوە هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی ئاستەنگە ئیداری و تەکنیکییەکانی پەیوەست بە پڕۆژەکە کرا، جگە لە پلانی پەرەپێدانی ناوچەی بەتاوین، بە ئامانجی ئەوەی بەغداد وەک پایتەختە گەشتیارییەکانی دیکەی جیهان بێت.
وتیشی سودانی فەرمانی کرد هەوڵەکان بە هەمان خێرایی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی شەقامی ڕەشید بەردەوام بن، بە کەڵکوەرگرتن لەو ئەزموون و شارەزاییەی کە بەدەستیان هێناوە بۆ تەواوکردنی قۆناغی دووەم، ئەوەشی ڕوونکردەوە کە کارەکانی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدان، ڕەنگدانەوەی گرنگیدانی زۆری حکومەتە بۆ شوێنە مێژوویی و میراتییەکانی بەغداد.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە گرنگی نۆژەنکردنەوەی شەقامی ڕەشید کرد بۆ گەلی عێراق و دەربڕینی خۆشحاڵییان بە تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە و جەختیشی لەسەر ئەولەویەتی بەردەوامبوون کردەوە لە تەواوکردنی پڕۆژەکان لە ناوچە مێژووییەکانی بەغداد و فراوانکردنی ئەو پڕۆژانە بۆ ناوچەکانی دیکەی شارەکە.
