دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی لە دۆسیەی دزەپێکردنی داتاکان لە ڕێگەی تێلێگرام
ئەمڕۆ دووشەممە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند کە تۆمەتباری سەرەکی لە دۆسیەی دزەپێکردنی بنکەی دراوەی عێراق لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامەوە لە بەغدا دەستگیرکرا.
دەزگاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای واسیت لە دوو ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی جۆریدا توانیان فەرمانی گرتن بۆ تۆمەتبارە سەرەکییەکان لە دۆسیەی دزەپێکردنی دراوەکان و چەواشەکاریی ئەلکترۆنی جێبەجێ بکەن
ڕوونیشیکردەوە کە لە یەکەم ئۆپەراسیۆندا تۆمەتباری سەرەکی لە دۆسیەی دزەپێکردنی بنکەی دراوەی عێراق لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامەوە لە بەغدا وەستێنرا و بەپێی ماددەی 182ی یاسای سزادان ڕاگیرا".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد ، کە "لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا تۆمەتبارێکی دیکە لە پایتەختی بەغدا دەستگیرکرا کە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بەوەدا نا کە هەستاوە بە دروستکردنی بوتێکی ساختە لەسەر ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام کە ڕووکەشێکی ساختەی هەبووە و وای نیشانداوە کە خاوەنی بنکەیەکی دراوەی تایبەت بە کارتی نیشتمانیی هاووڵاتییانە و بەسەر هەژدە پارێزگای عێراقدا دابەشکراوە بە ئامانجی ڕاکێشانی بەکارهێنەران و زیادکردنی ژمارەی شوێنکەوتووانی".
ئاماژەی بەوەشدا کە "تۆمەتبارەکە دانی بە دروستکردنی دوو کەناڵیشدا ناوە لەسەر تێلێگرام کە لە ڕێگەیانەوە سوودی لەو بوتە ساختەیە وەرگرتووە بۆ فریودانی هاووڵاتییان بەوەی خاوەنی زانیارییەکانیانە لە کاتێکدا دواتر دەرکەوت کە بوتەکە هیچ زانیارییەکی ڕاستەقینەی تێدا نەبووە و بە تەواوی بەتاڵ بووە و جەختی کردەوە کە ئامانج لەم چالاکییە قازانجی نایاسایی دارایی بووە لە ڕێگەی وەرگرتنی بڕە پارەیەک لە شێوەی کارتی باڵانس دا".
لە کۆتاییدا "دەزگای ئاسایشی نیشتمانی هۆشداری دەدات لە هەر هەوڵێک بۆ دەستبردن بۆ ئاسایشی زانیاریی هاووڵاتییان و جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ڕاوەدوونانی هەموو ئەو تۆڕە ساختانە و دەستنیشانکردنی تێوەگلاوانیان".
