سەرکەوتنی ئەنجامدانی یەکەم نەشتەرگەری چاندنی جگەر لە ناوخۆی عێراق
وەزارەتی تەندروستی تەئكیدیكردەوە: کە سەرکەوتنی ئەنجامدانی یەکەم نەشتەرگەری چاندنی جگەر لە ناوخۆی عێراق دەستکەوتێکی نیشتمانی گەورەیە و سەرکەوتنێکی ڕاستەقینەیە بۆ سیاسەتی هێنانی تیمە پزیشکییەکان، و ئاماژەی بەوەشکرد: نەشتەرگەرییەکە لە ماوەی ١٧ کاتژمێر کارکردنی بەردەوام لەلایەن تیمێکی هاوبەشی عێراقی-هیندییەوە ئەنجامدراوە، هاوکات پلانی کردنەوەی ٦ بۆ ٧ سەنتەری چاندنی جگەر و دامەزراندنی بانکێکی نیشتمانی بۆ ئەندامەکانی لەش لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا ئاشکرا کرد.
بەڕێوەبەری گواستنەوە و هێنانی پزیشکی لە وەزارەتی تەندروستی ئەحمەد تەبتەبائی، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ عێراقییە نیوز، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، رایگەیاند: سەرکەوتنی ئەنجامدانی یەکەم نەشتەرگەری چاندنی جگەر لە ناو دامەزراوە تەندروستییە حکومییەکاندا، خاڵی وەرچەرخانێکی گەورەیە لە ژێرخانی پزیشکیی عێراقدا، و وڵات دەخاتە سەر ڕێگای گەیشتن بە قۆناغی خۆژێنی لەم جۆرە نەشتەرگەرییە ئاڵۆزانەی کە پشت بە وردییەکی بەرز دەبەستن لەڕووی خوێنبەرەکان و شانەکان و نەشتەرگەرییە بەرگرییەکانەوە.
وتیشی: وەزارەت بنەمای زانستی توندی گرتەبەر پێش دەستپێکردنی یەکەم نەشتەرگەری، لەوانە شیكردنەوەی ئەزموونەکانی پێشووی عێراق و دەستنیشانکردنی هەڵەکان، پاشان بنیادنانی پرۆتۆکۆڵێکی پزیشکی تەواو کە سەلامەتی نەخۆش و بەخشەر بەیەکەوە مسۆگەر بکات، بەو پێیەی چاندنی جگەر دوو کەسی یەک خێزان دەگرێتەوە، ئەمەش وایلێدەکات یەکێک بێت لە نەشتەرگەرییە زۆر هەستیارەکان.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا: نەشتەرگەرییەکە ١٧ کاتژمێر کارکردنی بەردەوامی خایاند لەناو هۆڵی نەشتەرگەری بە بەشداری تیمێکی عێراقی-هیندی، کە بە نۆرە و بەبێ وەستان کاریانکرد تێیدا بەستنەوەی وردی خوێنبەرەکان و جۆگەکانى زەرداو ئەنجامدرا، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی بەرگری بۆ ڕێگریکردن لە ڕەتکردنەوەی ئەندامەکە.
ڕوونیشیکردەوە: قەبارەی ئامادەکارییەکان گەورەبوو، چونکە پێویست بوو لانی کەم ٢٥ بوتڵ خوێن دابین بکرێت، جگە لە ئەنجامدانی پشکنینی بەردەوام سات بە سات لە ماوەی نەشتەرگەرییەکەدا.
تەبتەبائی ئاشكراشیكرد: کە وەزارەتی تەندروستی لە جێبەجێکردنی نەشتەرگەرییەکەدا پشتی بە پرۆتۆکۆڵی یەکێک لە گرنگترین نەخۆشخانە پێشکەوتووەکانی هیندستان لە چاندنی جگەر بەستووە، و وتیشی: کە کادری عێراقی تەواو ڕەوانەی هیندستان کراون و بۆ ماوەی مانگێک و زیاتر لەوێ کاریان کردووە، بە ئامانجی گواستنەوەی ئەزموونەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دروستکردنی تیمێکی هاوشێوەی تیمە هیندییەکان لە پزیشک و پەرستار و تەکنیکار".
راشیگەیاند: پشت بەستن بە یەک پرۆتۆکۆڵ و بەدەستهێنانی ئەزموونی کردەیی ڕاستەوخۆ، پڕۆسەی تێکەڵکردنی هەردوو ئەزموونی عێراقی و هیندی ئاسان رد و هەماهەنگییەکی گەورەی لەناو ژووری نەشتەرگەری دروستکرد، لەگەڵ دابینکردنی پاڵپشتی شارەزا لە هەر هەنگاوێکدا.
باسی لەوەشكرد: ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست هاتووە تەنها دەستکەوتێکی پزیشکی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژییە بەرەو پەرەپێدانی سیستەمی تەندروستی و توانادارکردنی بۆ لەخۆگرتنی نەشتەرگەرییە گەورەکان لە ناوخۆدا.
جەختیشیکردەوە: سەرکەوتنی یەکەم نەشتەرگەری دەستکەوتێکی نیشتمانی گەورەیە و ئەنجامێکی راستەوخۆی سیاسەتی هێنانی تیمە پزیشکییەکانە کە وەزارەت لە دوو ساڵی ڕابردوودا گرتوویەتیەبەر، کە ئامانجی گۆڕینی وردە وردەیە لە ناردنە دەرەوەی نەخۆش بۆ چارەسەرکردن لە ناوخۆی عێراق و بنیاتنانی توانای سیادی بەردەوام.
ئاشکرایکرد: خواستی وەزارەت لە دوو ساڵی داهاتوودا دامەزراندنی ٦ بۆ ٧ سەنتەری چاندنی جگەرە کە بەسەر جوگرافیای وڵاتدا دابەش بووبن بۆ کەمکردنەوەی گرفتەكانی نەخۆشەکان و ڕێگریکردن لە ناچاربوونیان بۆ گەشتکردن لە نێوان پارێزگاکان، و وتیشی: وەزارەت هەروەها بەرەو ئاڕاستەی دامەزراندنی بانکێکی نیشتمانی بۆ ئەندامەکان دەڕوات بۆ چەسپاندنی کولتووری بەخشین و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بازرگانی نایاسایی بە ئەندامەکانی جەستەوە.
