بەغداد بڕیاری خەرجکردنی ٥٠٠ ملیار دیناری بۆ شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم دەدات
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەغداد بڕیاری خەرجکردنی ٥٠٠ ملیار دیناری بۆ شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم داوە، هاوکات شایستە داراییەکانی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێم ٣٠٠ ملیار دینار بووە و تا ئێستاش ٧٢ ملیاری نێردراوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان زانیاری سەبارەت بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم لەلایەن بەغداد ڕایگەیاند، بەغداد بڕیاری خەرجکردنی ٥٠٠ ملیار دیناری بۆ شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم داوە، بەڵام تا ئێستا نازاندرێت لەو بڕە پارەیە چەندی بۆ هەرێم دەنێردرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕی شایستە داراییەکانی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێم ٣٠٠ ملیار دینار بووە و تا ئێستا بەغداد بڕی ٧٢ ملیار دیناری ناردووە، لە ئێستاشدا بڕی ٢٣٠ ملیار دیناری ماوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، زیاتر لە پێنج مانگە جوتیارانی هەرێمی كوردستان گەنمەكانیان ڕادەستی حكومەتی عێراق كردووە، بەڵام تا ئێستا بەشێكی زۆریان شایستە داراییەكانیان وەرنەگرتووە.
