سەرۆک رەشید وعەسکەری تاوتوێی دۆخی ژینگەی وڵاتیان کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید ،و هەڵۆ عەسکەری وەزیری ژینگە تاوتۆییدۆخی ژینگەی وڵاتیان کرد ، و جەختییان لە پێویستی گرتنەبەری ڕێکاری بەپەلە کردەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پیسبوونی ژینگە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەنراوێکدا، بڵاویکردەوە: سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید ، لە بەغدا پێشوازی لە هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگە کرد.
هەروەها وتیشی: لە سەرەتای دیدارەکەدا، وەزیر پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی سەرۆک کرد بەهۆی کۆچی دوایی (شەمال جەمال ڕەشید)ی برایەوە، هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر دۆخی ژینگەیی وڵات، و سەرۆک جەختی کردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێکاری بەپەلە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پیسبوون و بەرزکردنەوەی کارایی هەوڵە چاودێرییەکان؛ بۆ مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی تەندروستی و پارێزراو بۆ هاووڵاتییان.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردنی پلانەکانی وەزارەتی ژینگە لە چاودێریکردنی سەرچاوەکانی دەرچوونی گازەکان و چڕکردنەوەی هەماهەنگی لە نێوان لایەن و دامەزراوە حکومییەکان بۆ مسۆگەرکردنی بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستە لەسەر ئەرزی واقیع.
لای خۆیەوە، وەزیر ئەو هەوڵانەی خستەڕوو کە وەزارەت دەیدات بۆ چارەسەرکردنی پیسبوون و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی، و دووپاتی کردەوە لەسەر پابەندبوونیان بە جێبەجێکردنی پلان و پڕۆژەکان کە ئامانجیان پاراستنی ژینگە و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەییە، و بەرزیشی نرخاند پشتیوانیی سەرۆک و بایەخدانی بەم دۆسیە گرنگ و ژیانییە.
