ساڤایا: عێراق لەبەردەم دەفەتێكی مێژوییدایە بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتی یاسا نەک دەوڵەتی چەک
مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق ڕایگەیاند، عێراق لەبەردەم دوڕیانێكی یەكلاكەرەوەدایە و دەفەتێكی مێژویی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتی یاسا نەک دەوڵەتی چەک. دەشڵێت، "هیچ ئابورییەک گەشە ناكات و هیچ هاوبەشییەکی نێودەوڵەتیش سەرکەوتو نابێت، لە ژینگەیەکدا کە سیاسەت لەگەڵ دەسەڵاتی نافەرمیدا تێکەڵ بوە"
مارك ساڤایا، ئەمشەو لە پەیامێكدا لە پلاتفۆڕكی "X" بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ جیهان عێراق وەک وڵاتێک دەبینێت كە رۆلێكی گەورەتر و کاریگەتر لە ناوچەکەدا بگێڕێت، بەمەرجێك پرسی چەك له دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت به تەواوی چارەسەربکات و شکۆی دامودەزگا فەرمییەکان بپارێزێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ ئابورییەک ناتوانێت گەشە بکات و هیچ هاوبەشییەکی نێودەوڵەتیش ناتوانێت سەرکەوتو بێت، لە ژینگەیەکدا کە سیاسەت لەگەڵ دەسەڵاتی نافەرمیدا تێکەڵ بوە، عێراق دەرفەتێکی مێژویی لەبەردەمدایە بۆ هەڵدانەوە ئەم دۆسییەو بەهێزكردنی وێنەی خۆی وەک دەوڵەتێک کە لەسەر سەروەری یاسا بونیادنراوە نەک دەسەڵاتی چەک.
نێردەی ترەمپ باسی لەوەكردوە، بە هەمان شێوە گرنگە، دامەزراندنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و رێزگرتن لە چوارچێوە دەستورییەکان و رێگریکردن لەو دەستوەردانانەی کە دەكرێت دروستكردنی بڕیاری سیاسی پەكبخات یان سەربەخۆیی دەوڵەت لاواز بکات.
مارك ساڤایا لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا دەشڵێت "عێراق لە بەردەم دوڕیانێكی یەكلاكەرەوەدایە، یان بەرەو دامەزراوەی سەربەخۆ هەنگاو دەنێت کە توانای جێبەجێکردنی یاسا و راکێشانی وەبەرهێنانیان هەبێت، یان دەگەڕێتەوە ناو ئەو سوڕە ئاڵۆزییەی کە بارگرانی لەسەر هەمو لایەک دروستکردوە".
