وەزارەتی کار: بەم نزیکانە دەستپێشخەرییەکی قەرزدان بۆ گەنجان دەستپێدەکات
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ هەینی، ڕایگەیاند کە بەم نزیکانە دەستپێشخەرییەکی قەرزدان بۆ گەنجان دەستپێدەکات بە مەبەستی کڕینی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی گشتی کە جێگای ١١ سەرنشین یان زیاتری تێدا دەبێتەوە. لەکاتێکدا ڕوونیکردەوە کە ئامانجی دەستپێشخەرییەکە کەمکردنەوەی بێکارییە لە ڕێگەی بەتواناکردنی گەنجان لە پڕۆژەکانی گواستنەوەی گشتی ، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەپڵیکەیشنی گواستنەوەکە لە قۆناغی تەواوکردندایە و دەستپێکردنی بەندە بە تەواوکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکانەوە.
حەسەن خەوام، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "دەستپێشخەرییە نوێیەکەی قەرزدان کە سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندووە، ئامانجی دابینکردنی هەلی کاری ڕاستەقینەیە بۆ گەنجانی بێکار کە پێشتر لە بنکەدراوەی فەرمانگەی کار و ڕاهێنانی پیشەیی و لەناو پلاتفۆرمی (مهن)ی تایبەت بە خوازیارانی کار تۆمار کراون، ڕوونیشیکردەوە کە وەزارەت لایەنی بەرپرسە لە بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکە.
خەوام وتیشی: ئامانجی دەستپێشخەرییەکە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکارییە لە ڕێگەی یارمەتیدانی گەنجان بۆ بوون بە خاوەنی هۆکاری گواستنەوەی گشتی کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی حکومی و هەماهەنگکراودا کار دەکەن، ئەمەش داهاتێکی جێگیریان بۆ دەستەبەر دەکات و خزمەت بە کەرتەکانی پەروەردە و خزمەتگوزاری دەکات.
ئاماژەی بەوەشدا کە دیاریکردنی سوودمەندان بەندە بەوەی کە پێشکەشکار پێشتر وەک بێکار لەلایەن فەرمانگەی کار و ڕاهێنانی پیشەییەوە تۆمار کرابێت، و مەرجەکانی قەرزدانی تێدا بێت کە بریتین لە (تەمەن لەنێوان ١٨ بۆ ٥٥ ساڵ - ڕەگەزنامەی عێراقی) ، جەختیشی کردەوە کە ئەولەویەت تەنها لەسەر بنەمای پلە باڵا نییە. ، بەڵکو بەگوێرەی بەدیهاتنی مەرجە داواکراوەکان و پاپەندبوونە بە ڕێنماییەکان.
خەوام ئاماژەی بەوەش کرد کە قەرزەکە بە شێوەی پارەی کاش نادرێت، بەڵکو دارایی بۆ سوودمەند دابین دەکرێت بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی بەکۆمەڵ بە توانای ١١ سەرنشین یان زیاتر، کە زۆربەی جار لە کۆمپانیای گشتیی ئۆتۆمبێلەکان دەبێت، ڕوونیشیکردەوە کە ئامانج لەم مەرجە مسۆگەرکردنی کارکردنی سوودمەندە لە کەرتی گواستنەوەی بەکۆمەڵدا.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە قەرزەکە بەبێ سوود (فایز) دەبێت و میکانیزمی دانەوەی ساڵانە دەبێت، هاوکات مەرجە کەفیلی فەرمانبەرێکی شارستانی پێشکەش بکرێت بۆ زەمانەتی گەڕاندنەوەی پارەکە.
جەختی کردەوە کە دەستپێشخەرییەکە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە، و هەموو ئەو گەنجانەی لە بنکەدراوەی پارێزگاکاندا تۆمار کراون پڕۆژەکە دەیانگرێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە دەبێت سوودمەند پێشتر لە بنکەدراوەدا تۆمار کرابێت و کەفیلێکی فەرمانبەری شارستانی پێشکەش بکات، ئاماژەی بەوەشدا کە دەستپێشخەرییەکە لە ئێستادا ناکرێتەوە تاوەکو ڕێکارەکانی تەواو دەبێت، هەروەها جێبەجێکردنەکە پەیوەستە بە دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی لە بودجە و تەواوکردنی پێداویستییە کارگێڕییەکان.
خەوام جەختی کردەوە کە وەزارەت تەنها مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا شایستە و پەسەندکراوەکانی وەزارەتی کار دەکات، و چاودێریی کارەکانیان دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی سوودمەندان ئیستغلال ناکرێن یان بارگرانیی داراییان نخرێتە سەر، ئاماژەی بەوەشدا کە پەنجەرەیەکی سکاڵا لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (مهن) تەرخان کراوە، لەگەڵ دەرفەتی پەیوەندیکردن بە ژمارەی بێ بەرامبەری ٤٤٤ بۆ پێشکەشکردنی سکاڵا، هەروەها پشکنەرانی وەزارەت بەدواداچوون بۆ کۆمپانیاکان دەکەن و لە کاتی پێویستدا سەرپێچییەکان ڕەوانەی دادگای کار دەکەن.
ئاشکراشی کرد کە ئەپڵیکەیشنی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە داواکارییەکانی گواستنەوە هێشتا لە قۆناغی پەرەپێداندایە، ئاماژەی بەوەشدا کە خستنەگەڕی پێویستی بە کات هەیە، و ڕاگەیاندنی یەکسەر دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی وەزارەت و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەبێت.
لە کۆتاییدا وتی: لە حاڵەتی دواکەوتنی سوودمەند لە دانەوەی قەرزەکە، مووچەی کەفیلە فەرمانبەرە شارستانییەکە ڕادەگیرێت و بڕی قەرزەکەی لێ دەبڕدرێت، بەو پێیەی زەمانەتکاری سەرەکییە
