سەرۆکی لوبنان داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات پشتیوانی سوپا بکات و کشانەوەی ئیسرائیل لە باشوور
سەرۆکی لوبنان بە شاندێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی خوازیاری جەنگ نییە لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە نوێنەرانی مەدەنیی هەر دوو لا یەکەمین گفتوگۆی خۆیان لە دوای چەند دەیە یەک ئەنجامدا.
ئاوێنە: هەینی 5ی کانوونی یەکەمی 2025، بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی لوبنان، لە میانی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ باڵیۆزانی ئەنجوومەنی ئاسایش، جۆزێف عۆن، سەرۆکی وڵاتەکە ڕایگەیاندووە: "لوبنانییەکان جارێکی دیکە جەنگیان ناوێت، گەلی لوبنان بەشی پێویست ئازاری چەشتووە و گەڕانەوە بۆ دواوە بوونی نییە.
عۆن داوای لە نێردەکان کرد پشتیوانی هەوڵەکانی سوپای لوبنان بکەن بۆ چەککردنی گرووپە ناحکومییەکان، هەروەها سوپا پێشبینی دەکات قۆناغی یەکەمی پلانە پەسەندکراوەکەی حکوومەت تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو بکات.
سەرۆکی لوبنان جەختی کردەوە پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکە نییە، تەنانەت ئەگەر کاتی زۆریشی پێویست بێت، چونکە لوبنانییەکان شەڕ بێزاربوونە. دووپاتیشی کردەوە پێویستە فشار لە سەر ئیسرائیلی بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست و کشانەوە زیاد بکرێت، هیواشی خواست شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو فشارە دروست بکەن.
شاندەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی دیمەشقی کرد و ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان کۆبوونەوە. بڕیارە ڕۆژی دواتر بە یاوەری مۆرگان ئۆرتاگۆس، نێردەی ئەمەریکا، پشکنین بۆ ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان بکەن.
