رەشید و پۆتین ڕەوشی ناوچەکە و دۆخی نێودەوڵەتی تاوتوێ دەکەن
ئەمرۆ هەینی "لەتیف جەمال ڕەشید"سەرۆک کۆمار،لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و ڕێوشوێنی دروستکردنی متمانە لە خۆرهەڵاتی ناوەراست (IFBC) لە عیشق ئاباد پایتەختی تورکمانستان لەگەڵ "ڤلادیمێر پوتین "سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار، کە دەستی موتەڵع کەوتووە،تیایدا هاتووە : لە کۆبوونەوەکەدا ، باس لە ئاسۆی هاریکاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و ئەو ڕێوشوێنانە کرا کە پێویستە بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن لەسەر بابەتەکانی بەرژەوەندی هاوبەش.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی سیاسی و دانیشتنەکانی ڕاوێژکاری بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکان و یاداشتی واژۆکراو لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرا لە بەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن و پەرەسەندنی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە ئاسایش و سەقامگیری.
هاوکات ڕێککەوتن کرا لەسەر درێژەدان بە ڕاوێژکاری و هەماهەنگی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانە بە شێوەیەک کە ئاشتی و سەقامگیری بپارێزێت.
