ئەنجومەنی دادوەری : دەبێت جیاوازی بکرێت لەنێوان ئازادیی ڕا دەربڕین و ناوزڕاندن
ئەمڕۆ هەینی، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند کە دەستوور مافی ڕا دەربڕین و ڕەخنەی دەستەبەر کردووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە ڕێگە بە سووکایەتی و تۆمەتبارکردن بەبێ بەڵگە بدرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵایی دادوەری کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە،تیایدا هاتووە : دادوەر "فایەق زێدان" سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵایی دادوەری،ڕێنمایی داوە کە پێویستە کولتووری جیاکردنەوەی "ناوزڕاندن" (تەشهیر) لە "ئازادیی ڕا دەربڕین" جیابکرێتەوە و سنوورەکانی ڕەخنە دیاری بکرێن.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەن : سنووری ئازادی ڕا دەربڕین ڕەها نییە و بەپێی یاسا سنووردارە، بەشێوەیەک کە نابێت دەستدرێژی بکرێتە سەر کەرامەت و ناوبانگی کەسانی دیکە، و ڕەخنە دەبێت ئاڕاستەی کار و بڕیارەکان بکرێت و پشت بە بەڵگە ببەستێت، بەڵام جنێودان، و قسەی ناشرین و چوونە ناو ژیانی تایبەتی خەڵک دەچێتە خانەی تاوانی "قەذف و تەشهیر"ـەوە و سزای لەسەرە.
راگەیەندراوەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵایی دادوەری روونیشی کردۆتەوە : کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی لاوازیی ڕۆشنبیریی یاساییەوە، تێکەڵییەکی زۆر دروستکردوە لەنێوان ڕەخنە و ناوزڕاندن لە سۆشیال میدیادا، کە زۆرجار بۆ مەرامی سیاسی و شکاندنی بەرامبەر بەکاردێت.
هەر لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا : دادوەران داوا دەکەن یاسای سزادانی عێراقی (کە هی ساڵی 1969یە) هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆخی ئێستای تەکنەلۆژیا و جیهانی دیجیتاڵیدا بگونجێت و پێناسەی ڕەخنە و بەرپرسیارێتی بڵاوکردنەوە ڕوونتر بکرێتەوە.
